بافڵ تاڵه‌بانى ده‌چێته‌ توركیا

دوایین نوێکردنەوە 2023-09-25 18:52:48 - سەرچاوە: ڤیژن میدیا

به‌وته‌ى به‌رپرسێكى باڵاى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، بافڵ تاڵه‌بانى به‌نیازه‌ سه‌ردانى توركیا بكات بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى حزبه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا.

مه‌لا به‌ختیار ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ سیاسی‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامێكی‌ ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ بۆ كۆنگره‌ی‌ پێنجه‌می‌ یه‌كێتی‌ كه‌ بڕیاره‌ 27ی‌ ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجامبدرێت و هۆكاری‌ به‌شدارینه‌كردنیشی‌ له‌كۆنگره‌كه‌دا.

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ “سێ‌ هه‌فته‌ له‌مه‌به‌ر هه‌ڤاڵ‌ بافڵم بینی‌، سه‌عاتێك و 35 ده‌قه‌ قسه‌مان كرد ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ یه‌كێتی‌ وه‌زعی‌ زۆرباشه‌، یه‌كگرتووه‌، له‌ هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ستده‌هێنێت و هه‌موو ده‌وڵه‌تان لێی‌ رازین و سیاسه‌ته‌كانی‌ ته‌واوه‌”.

ناوه‌ڕۆكێكى دیكه‌ى ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى یه‌كێتى ئاشكراكردو ده‌ڵێت: دوو مانگێكی‌ تر بافڵ تاڵه‌بانى ده‌چێته‌ توركیا و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و وڵاته‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كات.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ “به‌ڵام ئه‌نجامێكی‌ پێچه‌وانه‌مان بینی‌، ئه‌و دیداره‌مان جگه‌ له‌گفتوگۆ هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بوو به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵا، چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت كێیان بوێت بیهێننه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵاوه‌”.