بەبڕیاری یەکێتی زانایانی ئسلامی دهۆک ئامادەکردنی خواردن لە پرسەکاندا قەدەغەکرا

دوایین نوێکردنەوە 2023-09-25 18:59:17 - سەرچاوە: هەرێم نیوز

بە بڕیاری یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان لقی دهۆک، ئامادەکردنی خواردن لە پرسەکاندا قەدەغەدەکرێت، چونکە دەبێتە بارگرانی لەسەر شانی خاوەن پرسەکە، هەروەها لەوانەیە لە روسی تەندروستیەوە کێشە دروستبکات یان نەخۆشی بڵاوبێتەوە.

ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوەکەدا کە واژووی جیهاد دۆسکی، سەرۆکی یەکێتییەکەی لەسەرە، ئاماژە بەوەشدراوە، "ئامانج لەم بڕیارە کەمکردنەوەی بارگرانی سەرشانی کەسوکار و خاوەن پرسەکانە کە لەو مەراسیمەدا زۆرجار ناچار دەبن، خواردن بۆ ئامادەبووانی پرسەکە ئامادە بکەن".

 

لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان باسی لەوەشکردووە، لە دەرکردنی ئەم بڕیارەدا راوێژ بە لایەنە ئیداری و پەیوەندیدار کراوە. ئامادەکردنی خواردن لەکاتی پرسەدا وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێ دراوە، لە لایەنی ئابووریەوە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی و لەلایەنی تەندروستییەوە، دەبێتە هۆکارێک بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

لقی دهۆکی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داواش لە هاووڵاتیان دەکات، کاتێک دەچنە پرسەی کەسێک، بۆ نانخواردن نەمێننەوە.

هەروەها داواش لە مامۆستایانی ئایینی دەکات لە گوتاری رۆژی هەینی داهاتوودا، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، باسی ئەم بڕیارە بکەن و هاووڵاتییانی لێ ئاگادار بکەنەوە.