مەلا بەختیار: لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆبومەوە و ئەنجامی نەبوو بۆیە بەشداری لە کۆنگرە ناکەم

دوایین نوێکردنەوە 2023-09-25 19:06:21 - سەرچاوە: هاوڵاتی

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی، رایگەیاند بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی ناکات چونکە پرۆژەی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی باڵای قبوڵ نییە، دەشڵێت، "سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ هەڤاڵ بافل تاڵەبانی کۆبومەوە و نەگەشتینە هیچ رێککەوتنێک."

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا مەلا بەختیار بەشداری نەکردنی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی راگەیاند و چەند هۆکارێکی خستەڕوو بۆ بەشداری نەکردنی کە یەکێك لەوانە هەڵبژاردنی ئەندامەکان بوو کە بە وتەی خۆی ئەم کۆنگرەیە "هەڵبژاردنی تێدا نییە و دەستنیشانکردنە، راسپاردنە و راسپێردراون کێ دەربچێت و کێ دەرنەچیت و گوێ نەدراوەتە ئەوەی کە خاوەن هەڵوێستەکان دەربچن و تەنانەت بە خەڵک وتراوە دەنگ نەدرێت بە هەندێک کەس." 

مەلا بەختیار لە بەشێکی تری قسەکانیدا دەڵێت، کۆنگرەکانی پێشوو پێش شەش مانگ ئامادەکاری بۆ دەکرا و کادران و ئەندامان رەخنەیان دەگرت و هەموو ئەو رەخنانە کۆدەکرانەوە و هەڵدەسەنگێنران، دواتر کۆنگرە دەبەسترا. 

مەلا بەختیار باس لەوەش دەکات کە سەرکردایەتی یەکێتی بەنیازە 21 بۆ 31 کەس ببنە ئەندام لە ئەنجومەنی باڵا و داوای ئەوەی کردووە کە پرۆژەکەی بۆ بنێردرێت ئنجا بڕیار بدات بەڵام بۆی نەنێردراوە. 

ئەندامەکەی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەکێتی دەشڵێتت، سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بۆ ماوەی کاتژمێرێک و 35 خولەک کۆبووەتەوە و بافڵ تاڵەبانی پێیوایە "دۆخی یەکێتی زۆر باشە، یەکگرتووە و لە هەڵبژاردن سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت و هەموو دەوڵەتان لێی رازین و سیاسیەتی تەواوە، واشی بۆ من باسکرد کە دوو مانگی تر ئەچێت بۆ تورکیا و کێشەکان لەگەڵ تورکیا چارەسەر دەکات، بەڵام ئەنجامێکی پێچەوانەمان بینی، بۆیە ئەو کۆبونەوەیە هیچ ئەنجامی نەبوو تا من بتوانم بڕیار بدەم."

مەلا بەختیار ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆباڵی رێککنەکەوتون و ئۆباڵی نەچوونی ئەو و ئەندامانی تری ئەنجومەنی باڵای سیاسی حزبەکە دەکەوێتە ئەستۆی مەکتەب سیاسی یەکێتی و بەتایبەتی بافڵ تاڵەبانی.