نێوەندی فەرماندەیی لەشکری ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند هێزەکانیان توانیویانە بەرپرسێکی دەوڵەتی ئیسلامی دەستگیر بکەن دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە هەڵمەتێکیان بە هەلیکۆپەتەر لە باکوری سوریا ئەنجام دا. نێوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەو هەڵمەتەدا " ئەبو هەلیل ئەلفەدعانی، بەرپرسێکی ئۆپەراسیۆن و ئاسانکاریی داعش لە سوریا، دەستگیرکراوە. ئەلفەدعانی بوە ناسراوە کە پەیوەندییەکانی لە سەرانسەری تۆڕی داعش لە ناوچەکەدا هەیە." ترۆی گارلاک، وتەبێژی ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریکا دەڵێت " دەستگیرکردنی بەرپرسانی داعشی وەک ئەلفەدعانی توانای ئێمە بۆ دیاریکردن و بە ئامانجگرتن و دوورخستنەوەی تیرۆریستان لە بەرەکانی شەڕ زیاد دەکات". لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی زیانی گیانی پێنەگەیشتووە.