هەولێر-KDP.info- سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی، كورد و لایەنەكانی دیكە پشتگیری لە كاندیدی سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق دەكەن و شیعەكانیش لەسەری كۆكن، بۆیە لە ماوەی مانگێكدا حكوومەت پێكدێت و پابەندی دابینكردنی مافەكانی گەلی كوردیش دەبێت، چونكە بەڵێنی داوە كێشەكانی هەرێم و بەغدا چارە بكات.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئێمە پشتیوانی لە كاندیدی نوێی سەرۆكوەزیران دەكەین، سەرۆك بارزانیش پێشتر داوای كردبوو كاندید بكرێت و سەرۆكی هەرێم و حكوومەتیش پشتگیرییان كردووە، هەروەها پەیوەندییشیان پێوە كردووە و كەسێكە بۆ ئەو قۆناغە گونجاوە، كە دەتوانێ عێراق لەم دۆخە دەرباز بكات و پەیوەندییشی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكان باشە".
عیسا گوتیشی، مانگێكی لە بەردەمدا هەیە بۆ ئەوەی حكوومەتی نوێ دروست بكات و هەموو لایەنەكانیش پشتگیریی دەكەن، بۆیە دەتوانێ لە ماوەی یەك مانگدا حكوومەتی نوێ پێكبهێنێت.
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕوونیشی كردەوە، كاندیدی سەرۆكوەزیران بەڵێنی داوە كە كێشەكانی لەگەڵ كورد چارەسەر بكات و باسی لەوەش كردووە، كە نوێنەری هەموو عێراقییەكان دەبێت و لەگەڵ هەرێمیش گفتوگۆ دەكات و چاوەڕێ دەكرێت سەردانی هەرێمیش بكات.
دەشڵێ: "شیعەكان لەسەر كاندیدكردنی عەدنان زورفی رازی نەبوون، كە مافی ئەوانە، بۆیە ئەو ڕەت كرایەوە، ئەگەرنا ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ هیچ كەسێكدا نییە".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "ئەوەی لای ئێمە گرنگە، ئەوەیە كە پابەندی دەستوور بێت، هەموو شیعەكان لەسەری كۆكن بن، بەرنامەی گونجاو بێت و مافەكانی گەلی كورد دابین بكات".
بڵند ئیبراهیم