په‌یامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ جه‌ژنى قیامه‌

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا دووپات لە قووڵكردنەوەی كولتووری پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكتر قبووڵكردن دەكاتەوە.

دەقی پەیامەكە:

هاتنه‌وه‌ى جه‌ژنى قیامه‌ى حه‌زره‌تى مه‌سیح سڵاوى خواى لێ بێت له‌ ته‌واوى خوشك و برایانى خۆشه‌ویستى مه‌سیحى له‌ هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جیهان پیرۆز ده‌كه‌م، هیوادارم ئه‌م جه‌ژنه له‌گه‌ڵ خۆیدا سه‌لامه‌تى بۆ ته‌واوى مرۆڤایه‌تى بهێنێت و له‌ په‌تاى كۆرۆنا و هه‌موو ده‌رد و نه‌خۆشییه‌ك دوور و پارێزراو بن.

ئه‌مساڵ جه‌ژنى قیامه‌ له‌ كاتێكدا دێته‌وه‌ كه‌ وه‌ك ته‌واوى جیهان هه‌رێمى كوردستانیش به‌هۆى په‌تاى كۆرۆناوه‌ له‌ دۆخێكى سه‌ختدایه‌ و بۆ سه‌لامه‌تیى هه‌موو لایه‌ك ده‌بێ هه‌موومان  پابه‌ندى ڕێنمایییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بین و له‌ ماڵ بمێنینه‌وه‌، هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوومان له‌ دۆخێكى باشتردا بكه‌ینه‌وه‌.

له‌م جه‌ژنه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌موو پێكهاته‌ ئایینى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى به‌ لانكه‌ى پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى و یه‌كترقبووڵكردن و فره‌ڕه‌نگیى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌موو پێكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى ئه‌م كولتووره‌ى جوانه‌ى كوردستان و ده‌یپارێزین.

جه‌ژنى قیامه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك پیرۆز بێت.

خواى مه‌زن هه‌مووان بپارێزێت.

 

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

11/4/2020