دووشه‌ممه‌ حكوومه‌ت له‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خانوو و موڵكه‌كان بڕیار دەدات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-11 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانیی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، حكوومه‌ت پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌ كردووه‌ و ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌دات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێی خانوو و موڵكه‌كان تا ئه‌م دۆخه‌ تێپه‌ڕ ده‌بێت.

شوان زرار، ئه‌ندامی لیژنه‌ی شاره‌وانیی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كی ئاماده‌ كردووه‌ و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ سێ لایه‌ن له‌خۆ ده‌گرێت؛ یەکەم، حكوومه‌ت له‌ به‌شێك له ‌باجه‌كان خۆش ده‌بێت، دووه‌م، خاوه‌نی خانوو و موڵكه‌كان كرێیه‌كه‌ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و كرێداره‌كانیش به‌شێكی كرێیه‌كه‌ ده‌ده‌ن.'

شوان زرار گوتیشی: "مه‌به‌ست له‌و كاره‌ش بۆ ئه‌وه‌یە هه‌م حكوومه‌ت و هه‌میش هاووڵاتیان هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە.'

زرار باسی له‌وه‌ش كرد: "بڕیاره‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ حكوومه‌ت كۆ ببێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بدات."

بڵند ئیبراهیم