بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، سیامەند عەلی، بە توندی تۆمەتەکانی هاکان فیدانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئانکەرە لە ڕۆژئاواوە نەچوونەتە نێو خاکی تورکیاوە. دەشڵێت "ئەو دوو کەسەی تورکیا دەڵێت هێرشەکەیان ئەنجامداوە، هاووڵاتی سوریایی نین، خەڵکی باکوری کوردستانن و هاووڵاتی تورکیان و ئەو کەسانە لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە نەپەڕینەوە بۆ تورکیا. " عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پێویستە کێشەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە و گەلی کورد لە تورکیا لەوێ چارەسەر بکرێت. "دەوڵەتی تورکیا هەمیشە دەیەوێت ئەم جۆرە هێرشانە وەک بیانویەک بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی پاساو بۆ هێرشەکانی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بهێنێتەوە. هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە نەوەستاوە، بەردەوامن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک لەسەر ناوچە سنوورییەکان. عەلی دەشڵێت کە تورکیا هێشتا دەیەوێت ئەم دوایین هێرشە بکاتە بیانوو و دەیەوێت دووبارە هەمان کار بکاتەوە "تورکیا هەم دەیەوێت پاساو بهێنێتەوە بۆ هێرشکردنە سەرمان و هەم هێزە نێودەوڵەتییەکان قەناعەت پێبکات کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا شوێنێکی مەترسیدارە و هەمووان دەزانن کە ئێمە هەرگیز نابینە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا و ئەوەش ڕاست نییە چونکە ئێمە تەنها لەناو چوارچێوەی ئەم وڵاتە بەرگری لە خۆمان دەکەین." وتەبێژەکەی یەپەگە وەڵامی قسەکانی هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیای دایەوە کە هەر ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو ئەو دوو هێرشبەرەی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا بۆمبیان لە ئانکەرە تەقاندەوە، لە سنووری سوریاوە هاتوونەتە نێو وڵاتەکە. فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشە هێرشی کردە سەر بنکەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە عێراق و سوریا. فیدان گوتی "هەموو ناوەندەکانی پەکەکە و یەپەگە ئامانجی ڕەوای ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئێمەن. داوا لە لایەنەکانی تر دەکەین لە ناوەندەکانی پەکەکە و یەپەگە دوور بکەونەوە چونکە کاردانەوەی پتەو و توند لە دژی هێرشەکەی ئانکەرە نیشان دەدەین." ئانکەرە یەپەگە وەک باڵێکی پەکەکە دەبینێت کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات لە سوریا و هاوپەیمانی سەرەکی ئەمەریکایە لە شەڕی دژ بە داعشدا.