ڤدانت پەتێل جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ڕۆژی چوارشەممەدا باسی لە هێرشە خۆکوژییەکەی هەفتەی ڕابردووی ئانکەرەو نیگەرانییەکانی واشنتن کرد لەمەڕ پەرەسەندنەکان لە سوریا. لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمەریکا درک بە نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیا بەهۆی پەکەکەوە دەکات " ئەمەریکا نیگەرانیشە لەمەڕ پەرەسەندنە سەربازییەکان لە باکوری سوریا، بە تایبەتی ئێمە نیگەرانین لەمەڕ کاریگەرییەکانی بەسەر خەڵکی سڤیل و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش." ئەمەش لە کاتێکدایە کە پاش هێرشەکەی هەفتەی ڕابردووی ئانکەرە، کە پەکەکە بەرپرسیارێتی گرتە ئەستۆ، تورکیا هەڕەشەی هێرش کردنە سەر ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات و وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایشیگەیاند کە ئەوانەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە لە سوریاوە دەربازی تورکیا بوون. بەڵام بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە، سیامەند عەلی، بە توندی تۆمەتەکانی هاکان فیدانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئانکەرە لە ڕۆژئاواوە نەچوونەتە نێو خاکی تورکیاوە. عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەو دوو کەسەی تورکیا دەڵێت هێرشەکەیان ئەنجامداوە، هاووڵاتی سوریایی نین، خەڵکی باکوری کوردستانن و هاووڵاتی تورکیان و ئەو کەسانە لە ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاوە نەپەڕینەوە بۆ تورکیا. " هەر پاش هێرشەکە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئەنکەرە، تورکیا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی چیای مەتین، خواکورک، قەندیل و گارە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد. جێگری وتەبێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد "بەردەوامین لە داکۆکیکردن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و پاراستنی ئاگربەستەکان وەک پایەیەکی سەرەکی سیاسەتمان لە ناوچەکە و بەردەوامین لە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا و پێویستیشە کارەکانی لەگەڵ عێراق هەماهەنگ بکەن بە شێوەیەک کە پشتویانی بکات و ڕێز لە سەروەری عێراق بگیردرێت." پەتێل دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا پشتیوانی لە تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ دەکات لەو مەترسیانەی کە بەهۆی پەکەکەوە ڕووی تێدەکەن بەڵام ڕەتی کردەوە کە یەپەگە بە پەکەکەوە گرێبدات.