سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی سەرجەم توندوتیژییەکانی ناو سوریا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-10-06 19:00:11 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر مەراسیمێکی دەرچوونی ئەکادیمیای سەربازیی لە شاری حومسی سوریا کە لە 5 ی مانگی 10 دا ڕوویدا، دەردەبڕیت. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی سەرکۆنەی سەرجەم توندوتیژییەکانی ناو سوریا دەکات و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ڕێز لە بەرپرسیارێتییەکانییان بگرن. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بەم پرسە ئاماژەش بەوە دەدات کە هاووڵاتییانی سڤیل و ژێرخانی سڤیل دەبێت بەپێی یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان هەموو کات بپارێزرێن.  هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کۆلێژی ئەفسەرانی سوپای سوریا لە شاری حومس لانیکەم 110 کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە.  هێرشەکە لە کاتی مەراسیمی دەرچوونی خوێندکارانی ئەو ئەکادیمیا سەربازییە بە ئامادەبوونی ژنان و منداڵان ڕوویدا و وەک حکومەتی سوریا بانگەشەی بۆ دەکات، لەلایەن "گروپە تیرۆریستییەکان"ەوە ئەنجامدراوە، هەرچەندە دیمەشق ناوی هیچ گروپێکی دیاریکراوی نەهێناوە. وتەبێژەکە گوتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانیشە سەبارەت بە هەواڵەکانی بۆردومانێکی تۆڵەسەندنەوە لە شوێنەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریا و هەواڵی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانییان و دڵگرانە بە گیان لە دەستدانی خەڵکەکە.