هۆڵەندا-KDP.info- ڕۆژی 10ی نیسانی 2020 لە شاری نایمێخنی هۆڵەندا، لە کڵێسەیەکدا مەراسیمی بە خاك سپاردن و ماڵئاویی لێکردن لە کۆچکرد و پیت مۆیلەر لە تەمەنی 91 ساڵیدا بەڕێوەچوو، کە لە 5ی نیسان ڕۆژی یەکشەممە کۆچی دوایی کرد لە ماڵەکەی خۆیدا بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن و لەبەر بارودۆخی کۆڕۆنا و سنووردارکردنی کۆبوونەوەی خانەوادە و هاوڕیانی تەنیا توانیان 18 کەس بەشداربن، یەک لەوانەش دیندار کۆچەر بوو بەناوی بارەگایی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.
دیندار کۆچەر بەناوی بارەگایی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان، تاجە گوڵینە و هاوخەمی گەلی کوردی پێشکەشی هاوژین و خانەوادەکەی کرد، هاوکات بەمیوزیکێک لەگەڵ هێنانی جەنازەی خوالێخۆشبوو بۆ نێو کلێسەکە و دانانی تاجە گوڵینەکان و ڕێزگرتن و بەپێوە وەستان، دواتریش لەلایەن منداڵانی خانەوادەکەیان مۆمیان بۆ داگیرساندا، پاشان هاوژینەکەی خاتوو لیا فیسەر بەخێرهاتنی هەمووانی کرد و داوای لێ بووردنی کرد کە نەیان توانیوە هەموو دۆست و هاوڕیانی بانگهێشت بکەن بەهۆی بارودۆخی کۆڕۆناوە و ئاماژەی بەدۆستایەتی خەلیل سنجاری و خاتوو ئامینەش کرد وەک کورد و دۆستایەتیان و لە چەند دێڕێکیشدا تیشکی خستە سەر وێستگەکانی ژیانی پیت مویلەر و ئاماژەی بەکارە خێرخوازییەکانی دا لەگەڵ دۆستایەتی بۆ مرۆڤ دۆستی بەرامبەر گەلانی جیاواز بەتایبەتی گەلی کورد و سەرکردەی ڕۆحی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی نەمر کە بەشانازییەکی گەوەری وەسفکرد لە دیدار و چوونیان بۆ کوردستان بەتایبەتی حاجی هۆمەران.
دواتر لەلایەن قەشەی نێو کلێسەکە مەراسیمی ئاینی بۆکرا و نزای بۆ کرد کە شادبێت بە دنیایی جوانی وەک کارە خێرخوازەکانی کە بۆ مرۆڤایەتی پێشکەشی کردووە، لە میانەی ئەو مەراسیمەشدا لەلایەن ئەندامانی خانەوادەکەیان لە نێو چەند پەیڤێکی کورتدا یادەوەریەکانی خۆیان گێڕایەوە و پاشان چەند ووتارێکیش لەلایەن هاوڕیانی پێشکەشکرا باسیان لە کەسایەتی و کار و خزمەتەکانیان کرد، بەتایبەتی هاوڕیی نزیک و هاوسەفەری بۆ کوردستان، فرێک هاسلار لە ووتەکەیدا بەتێرو تەسەلی باسی لە چۆنیەتی گەشتەکەیان بۆ کوردستان و دیداری بارزانیی نەمر کرد و گوتی، دڵخۆشین کە دیندار کۆچەر وەک کورد لەگەڵمان بەشدارە.
ساسان دەروێش