دهۆک- KDP.info - ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان دەڵێ، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ـوە، ئێزدییەکان جەژنیان ناگێڕن.
ئێزدییەکان بە بڕیارێک پەرستگای لالش، گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگای خۆیان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە ڕووی سەردانکاراندا داخست.
١٥ی ئەم مانگە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە. لەو بارەیەشەوە، کەریم سلێمان، لە لێدوانیکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: 'ئێزدییەکان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ حکوومەت و وەزارەتی تەندرووستی ڕاگەیاندووە و پابەندی ڕێنماییەکان دەبین."
جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ، كۆنترین و پیرۆزترین جەژنی كوردانی ئێزدییە، هەر ساڵێك ئەم جەژنە دەكەوێتە چوارشەممەی یەكەم لە مانگی نیسان، بە ڕۆژژمێری خۆرهەڵاتی، بە بڕوای ئێزدییانیش ئەم جەژنە سەرەتای دروستبوونی گەردوونە.
کەریم سلێمان گوتی: "ئێمە بە ناوی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییانەوە پیرۆزباهی لە تەواوی مرۆڤایەتی دەکەین، داوا لە هەموو ئێزدییەکان دەکەم ئەم جەژنە لە ماڵەکانیاندا بکەن، هیچ گردبوونەوەیەک ئەنجام نەدەن، چونکە ئەم پەتایە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموومان."
حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ڕێزێك لەم پێكهاتە ئایینییە ئەو ڕۆژەی كردووەتە پشووی فەرمی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان.
کـــاروان بــاعەدری