شڤان خابووری: داوای هاوکاریمان لە جیهان کرد کوردستان بەدەممانەوە هات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک- KDP.info -  نوێنەری ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، ئێستا هەوڵێکی جددی هەیە بۆ نێزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوا و باشوور.

شڤان خابووری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "لە کاتی تەنگانەدا هەرێمی کوردستان بووەتە پاڵپشت و پەنامان و ئەمەش جیگای ڕێز و پیزانینە."

دەربارەی ڕەوانەکردنی تاقیگەی پزیشکی بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستا، نێچیرڤان بارزانییەوە، خابووری ئاماژەی دا، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی هەرێم جێگای ڕێز و پێزانینە و، گوتی: 'لە ڕۆژائاوا داوای هاوکاریمان لە دنیا کردبوو و بانگەوازییەکمان ڕایگەیاندبوو، کەچی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان هاوکارییان کردین."

لەو بارەیەشەوە، بارزان، هاووڵاتی و چالاکی شاری گرکێلەک لە ڕۆژئاوای کوردستان، دەڵێ: "ئەم هاوکارییانە نەک جاری یەکەم و دووەمن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانی دەکەن، بەڵکو ئەمە چەندین جارە."

ئەو هاووڵاتییەی ڕۆژائاوا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: "هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم جێگای ڕێز و پێزانینە، سوپاسیان دەکەین، کە هەمیشە لەگەڵمانن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو قەیرانێک."

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیش لە تویتەری خۆیەوە ڕایگەیاند: "زۆر سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، زۆر بەخێرایی بە دەنگ داواکارییەکەمانەوە هات و تاقیگەی پزیشکیی بۆ ڕەوانە کردین."

کاروان باعەدری