وێنە و ڤیدیۆ.. شەوچەرەی شەوی یەڵدا لە كەلار ئەنجامدرا

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-20 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان - نیگار عومەر 

بەبۆنەی شەوی یەڵداوە، بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان شەوچەرەیەکی هونەری لەهۆڵی هونەر-ی شاری کەلار ئەنجامدا، شەوەکە بە شیعرو گورانی و میوزیك رازێندرایەوە.

ئاکۆ هۆرێنی، بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان بە پەیامنێری خەندان-ی ڕاگەیاند، " بەبۆنەی شەوی یەڵداوە کە درێژترین شەوی زستانە، بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری هەستا بەئەنجامدانی چالاکیەکی هونەری بۆ هونەردۆستانی گەرمیان، لە نێو ئەو چالاکیەدا چەندین پارچە شیعرو گورانی و میوزیك لەلایەن هونەر مەندانی گەرمیانەوە پێشکەشدەکرێت".

هۆرێنی ئاماژەی بەوەشكرد "ئێمە وەک ڕۆشنبیری گەرمیان ئەرکمانە چالاکی هونەری ئەنجامبدەین، لەنێو ئەدەبی کوردیشدا ئەم شەوە خۆی گرنگی هەیە و بە باشمان زانی ئەم شەوچەرەیە رێکبخەین ، جگە لەوە دەرونی هەمومان پێویستی بەوەیە کە گوێ لە هونەر بگرین و هەندێک دور بکەوینەوە لە روداوەکانی دیکەی ژیان، خەڵکی ناوچەکەش لەگەڵ خێزانەکانیان بەشداریان تێدا کردوە،  هیوامان وایە بتوانین دڵی خەڵکی خۆمان خۆش بکەین،  تا درەنگانێکی شەو چالاکیەکان بەردەوام دەبێت ".

شه‌وی یه‌ڵدا شه‌وێكی تایبه‌ته‌ بۆ هه‌ندێك ناوچه‌ وه‌ك كوردستان و ئێران، ئه‌و شه‌وه‌یه‌ كه‌ تیایدا ماڵئاوایی له‌وه‌رزی پایز و پێشوازی له‌زستان ده‌كرێت، له‌ كه‌لتوری فارسدا جه‌ژنێكه‌ له‌ درێژترین و تاریكترین شه‌ودا، به‌ڵام له‌ كوردیدا به‌ شه‌وی یه‌ڵدا یان چله‌ ناسراوه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ جه‌ژن و بۆنه‌ مێژوی كۆنه‌كانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هاوبه‌شه‌ له‌نێوان نه‌ته‌وه‌كانی هیند و ئاری نه‌ته‌وه‌كانی میزۆپۆتامیا.