وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت لەسەر فەرمانی سەرۆک جۆو بایدن دوو بنکە لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومانکراون کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو گروپانەی پشتیوانیان لێدەکات بەکاردەهێنرێن. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا شەوی پێنجشەممە ڕایگەیاند بۆردومانکردنی ئەو دوو بنکەیە بۆ بەرگریکردن لەخۆ بووە لە بەرامبەر ئەو هێرشە بەردەوام و شکستخواردووانەی لە عێراق و سوریا لە لایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن کە زۆربەیان ئەمەریکاییەکانیان کردووەتە ئامانج. وتیشی هێرشەکان لە 17 ی مانگی دەوە دەستیانپێکردووە و هەتا ئێستا بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی ئەمەریکایی و برینداربوونی 21 دیکە بە سووکی. وەزیری بەرگری باسی لەوەش کرد، ئەمەریکا خوازیاری شەڕ نییە و نایەوێت کاری دوژمنکارانەی زیاتر ڕووبدەن، بەڵام جەختی کردەوە ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا، لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەکرێت، هەرچەندە ئێران نکۆڵی لێ دەکات لەوەی دەستی لەو هێرشانەدا هەبێت. هوشداریشی دایە کاربەدەستانی ئێران و وتی ئەگەربێت و هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا بەردەوام بن، ئەوا ئەمەریکا بێ هیچ دوودڵییەک ڕێوشوێنی زیاتر دەگرێتەبەر. لە لایەکی دیکە جەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕایگەیاند لەوەتای 17 ی مانگی دەوە، 12 جار لە عێراق و 4 جار لە سوریا بە درۆن و کاتیۆشا هێرش کراوەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەرباز و ئەفسەری لە عێراق هەیە بۆ یارمەتیدان لە شەڕی دژی داعش و هەروەها لە سوریاش 900 سەرباز و ئەفسەری بۆ هەمان مەبەست هەیە.