سامان عارەب: پرۆژەکانی وەبەرھێنان دەستبەکار دەبنەوە و ٣٥ ھەزار کەسیش سوودمەند دەبن

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  راگرتنی بەشێکی زۆری پرۆژەکانی وەبەرھێنان کاریگەریی لەسەر دەرفەتی کار کردووە و بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێریش دەڵێ، دەست بە پرۆژە ڕاگیراوەکان دەکرێتەوە و ٣٥ ھەزار کەسیش دەخرێنەوە سەر کارەکانیان.

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی ھاتوچۆوە زۆرێک لە پرۆژەکانی وەبەرھێنان ڕاگیرابوون، بەوھۆیەوە ٣٥ ھەزار کەس کە پێشتر لەو پرۆژانەدا کاریان دەکرد، بێکار ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بچنە سەر کارەکانیان.'

بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتی: "لەگەل سەرۆکی دەستە و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی پارێزگاکانی دیکە، خەریکی ئامادەکردنی پلانێکین بۆ ئەوەی بەشێک لەو پڕۆژانەی ڕاگیرابوون کارئاسانیان بۆ بکرێت و دەستبەکار ببنەوە، کە ئەوەش ھۆکارێکە بۆ ڕەخساندنەوەی ھەلیکار و ٣٥ هەزار کەس سوودمەند دەبن."

سامان عارەب جەختی کردەوە: "ھەندێ پرۆژەی وەبەرھێنان کە پێویست بوون بۆ قۆناغی ھاتنی کۆرۆنا لە کارکردن بەردەوام بوون و بەرھەمی زۆریان ھەبووە بۆ خەڵکی کوردستان، دەستەی وەبەرھێنانیش بەردەوام لە ھەوڵدایە بۆ کارکردنی ھەموو پرۆژەکان و جێبەجێکردنی پرۆژەی نوێ."

قائید میرۆ