پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو بارەگایەی "بەخشییە" زانکۆی کەرکوک ، کە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مایەی ناکۆکی بوو لە نێوان ئەو حزبەو لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان، بەمەش گرێ کوێرەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک کرایەوە. بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیانی پارتی، کە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ئەو حزبە هەوڵی وەرگرتنەوەی دەدا و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانیش دژی ڕادەستکردنەوەی بوون، دەکەوێتە گەڕەکی شۆراو لەسەر ڕێگەی نێوان کەرکوک و هەولێر. بارەگاکە لە ڕۆژی 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە و لەوکاتەوەی کە پارتی کەرکوکی بە جێهێشت، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوکی تێدایە کە سەرپەرشتی بارودۆخی ئاسایش و سەربازی پارێزگاکە دەکات. ڕۆژی یەکشەممە، شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و سەرۆکی زانکۆی کەرکوک، بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، "لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیمان وەرگرتووەتەوە و بە دیاری بەخشیمان بە زانکۆی کەرکوک." بەپێی وتەی دکتۆر عیمران جەمال سەرۆکی زانکۆی کەرکوک، بارەگا ناکۆکی لەسەرەکە دەکەنە بەشێک لە زانکۆ و هەردوو کۆلێژی نەوت و غاز و ڕاگەیاندنی تێدەبەن. لە ڕۆژی 26 ی مانگی 10ی 2023، کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی کۆبوویەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا بە بەخشینی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی بە زانکۆی کەرکوک. لەتیف فاتح فەرەج، نوسەرو چاودێری سیاسی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارتی نائومێدبوو لەوەی ئەو بارەگایەی پێبدرێتەوە، بۆیە دەیەوێت بیکاتە باشە بۆ خۆی، لەکاتێکدا ئەو بارەگایە بۆ دەزگای ڕۆشنبیری و لە بودجەی حکومەتی هەرێم دروستکراوە." هەروەها وتیشی، "پێناچێت هێزە عێراقییەکان ئەو بارەگایە بدەنە زانکۆ، بەڵام پارتی تۆپەکەی فڕێدایە گۆڕەپانی ئەوان و لە کۆڵی خۆی کردەوە." لە کۆتایی مانگی 8 ی 2023، لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان دژی ڕادەستکردنەوەی بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک_گەرمیان بە پارتی، مانگرتنیان ڕاگەیاند و لەبەردەم بارەگاکە خێوەتیان هەڵدا، بە داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێریش دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوکیان توڕەو نیگەران کرد. لە ڕۆژی 2ی مانگی 9ی 2023، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن خۆپیشاندەرە عەرەب و تورکمانەکانەوە ڕژانە سەر شەقام و ئاڵۆزی دروستبوو، بەو هۆیەوە 4 خۆپیشاندەری کورد کوژران و نزیکەی 17 خۆپیشاندەریش برینداربوون. کامەران کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی پارتی، لە بارەی هۆکاری دەستبەرداربوونی پارتی لە بارەگای سەرکردایەتییەکەی، لە کاتێکدا خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لەسەر دروستبوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ناسنامەی کەرکوک کوردستانییە، بەڵام پێکهاتەی زۆری تێدایە، دەبێت پێکەوە بژین. ئاڵۆزییەکانیش لەسەر بارەگای پارتی دروست نەبوون، بەڵکو لەسەر داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک و هەولێر دروست بوون." بەپێی وتەی کامەران کەرکوکی، پارتی نزیکەی 18 بارەگای لە کەرکوک وەرگرتووەتەوەو ڕەنگە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بارەگاکانی بکاتەوە، بەڵام ئەو بارەگایانەی کە پێشتر هێزە ئەمنییەکانی ئەو حزبەی تێدابووەو 4 بارەگان، ڕادەست نەکراونەتەوە. کامەران کەرکوکی، دەڵێت،"ئاسایش دەزگایەکی دەوڵەتییە نەک حزبی و سەربە حکومەتی هەرێمە، بۆیە کێشەی بارەگاکانیان پەیوەندی بە مادەی 140 و دۆسیە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە." گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک لە کاتێکدایە، پێگەی کورد لەو شارە بەتەواوەتی لاوازبووەو کورد نزیکەی 100 پۆستی ئیداری و ئەمنی لەدەستداوە، بەشێکی زۆر لەو پۆستانە پێشتر لای پارتی بوون و دوای 16 ی ئۆکتۆبەر دەستبەرداریان بووە. لەوبارەیەوە کامەران کەرکوکی، وتی،"گەڕانەوەی پارتی هەنگاوێکە و کافی نییە، هێشتا کێشەی باڵانس و تەوافق و شەراکەت لە بڕیارداندا ماوە، دەبێت وردە وردە و دوور لە توندوتیژی ئەو کێشانەش چارەسەر بکرێن."