ئەمەریکا شوێنێکی پەیوەست بە ئێران لە سوریا بۆردومان دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-11-09 16:20:10 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا شوێنێکی پەیوەست بە ئێرانیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر سەربازانی ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا. لۆید ئۆستن ئێوارەی چوارشەممە بە کاتی واشنتن، وتی دوو فڕۆکەی جەنگی ئەمەریکا لە جۆری F-15s شوێنێکیان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومانکردووە کە لەلایەن پاسدارانی ئێران و گروپەکانی لایەنگری بەکاردەهێنرێت. دەشڵێت ئامانجەکە عەمبارێکی چەک و تەقەمەنی بووە. لە لایەکی دیکەوە، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند فڕۆکەی نەناسراو بنکەی لەشکری و عەمباری چەک و تەقەمەنی لە شەقامی پۆر سەعید لە شاری دێروزور بۆردومانکردووە. پێشتر کاربەدەستانی ئەمەریکا چەند جارێک گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانیان لە ناوچەکە ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەربێت و بەردەوامبن لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەی هێزەکانی ئەمەریکای لێیە، ئەوا کاردانەوەیان دەبێت. سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە فڕانس پرێسەوە وەرگیراون.