مەخموور-KDP.info- قایمقامی مەخموور رایگەیاند، هۆكاری رێگریكردن لە گەڕانەوەی سەربازانی كورد لە سوپای عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پێویستە هەر كەسێك لە سنووری پارێزگای خۆی بگەڕێتەوە، ئەوانەش لە سنووری پارێزگای هەولێرن و خۆشیان خەڵكی سنووری پارێزگای دهۆكن، بۆیە كێشەكەیان چارە كرا و لە بازگەی مووسڵەوە بۆ دهۆك گەڕانەوە.
رزگار مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە بازگەی مەخموور 160 سەربازی كوردی ناو سوپای عێراق گیریان خواردبوو و نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە پێویستە هەر كەسێك بیەوێ بگەڕێتەوە، لە سنووری پارێزگای خۆی بگەڕێتەوە".
مستەفا گوتیشی: "ئەو سەربازانە هاتبوونە سنووری هەولێر كە خەڵكی پارێزگای دهۆكن، بۆیە گەڕانەوە بۆ بازگەی مووسڵ - دهۆك و لەوێ گەڕانەوە بۆ سنووری پارێزگای خۆیان و كێشەكەیان چارە كرا".
ئەمەش لە كاتێكدایە، پێش چەند رۆژێك، زیاتر لە 500 كەسی دیكە كە سەربازن لە سوپای عێراق، رێگەیان پێ درا بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
بڵند ئیبراهیم