هەولێر-KDP.info- سەرۆك بارزانی، لە سی و دووەمین ساڵیادی كارەساتی ئەنفالدا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند، پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوام بن و حكوومەتی هەرێمیش بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات.
دەقی پەیامەكە:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
لە سی و دووەمین ساڵەی دەستپێكردنی شاڵاوی ئەنفال لە دژی ڕۆڵەكانی گەلەكەماندا، هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی ئەنفال دەكەین.
ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی زۆر دراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییانی ئەنفال و دۆزینەوە و هێنانەوەی ڕووفاتی ئەنفالكراوان، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەنجامێكی وای نەبووە. بۆیە دیسانیش جەخت دەكەینەوە كە پێویستە هەوڵەكانی بەجینۆسایدناساندنی ئەنفال لەسەر ئاستی جیهاندا بەردەوام بن و بگەنە ئەنجام و هەروەها دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارە لە قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان و پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە باشترین شێوە خزمەتی خانەوادەی شەهیدانی ئەنفال بكات و، ڕووفاتی پیرۆزی هەموو شەهیدانی ئەنفالیش بگەڕێندرێتەوە خاكی نیشتیمان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی قوربانییانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی كوردستان.
مەسعوود بارزانی
١٤ـی٤ـی٢٠٢٠