پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ یادی كارەساتی ئەنفالی گەرمیان

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە یادی ۳۲ساڵەی كارەساتی ئەنفالی گەرمیان، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

۳۲ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالی ڕەشی گەرمیاندا تێپەڕ دەبێت، كە تێیدا بە هەزاران منداڵ و ئافرەت و گەنج و پیر لەلایەن ڕژێمی بەعسی دڕندەوە بۆ بیابانەكانی عێراق گوازرانەوە و زیندەبەچاڵ كران. ئەو تاوانە تەنها دەرهەق بە گەلی كوردستان نەكراوە، بەڵكوو تاوانێكە دژ بە هەموو مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە و هاوتای هەموو تاوانەكانی تری دژ بە مرۆڤایەتی دەچێتە خانەی جینۆساید، كە خەڵكی ئەو دەڤەرە بە تاوانی كوردبوون كۆمەڵكوژ كران و خاك و ماڵەكانیشیان وێران كرا.

لێرەوە موكوڕتر لە جاران پێداگری دەكەین كە ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە لەلایەن حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵەوە بە جینۆساید بناسێنرێت و قەرەبووی كەسوكاری قوربانیان بكرێتەوە و بە ڕێزەوە هەموو ڕووفاتی پیرۆزی ئەنفالكراوان بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، پەرلەمانی وڵاتانی جیهانیش هاوشێوەی هەموو جینۆسایدەكانی دیكەی دژی مرۆڤایەتی، بە جینۆسایدی بناسێنن و بیكەنە سەرەتایەك بۆ قەرەبووكردنەوەی مەعنەوی و ماددیی گەلی كوردستان.

لەو یادە تراژیدییەدا سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی پاكی قوربانیانی ئەنفالی گەرمیان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان و سەری ڕێز و نەوازش بۆ كەسوكارییان دادەنوێنین.

 

هێمن هەورامی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

2020/4/13