بەرپرسێکی ئاسایش: عێراق زیاتر لە 770 کەس لە کامپی ئەل هۆلی سوریا وەردەگرێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-11-12 21:24:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسێکی عێراق دەڵێت نزیکەی 200 خێزان لە کامپی ئەل هۆلی سوریاوە ڕەوانەی عێراق کراونەتەوە، کامپەکە نزیکەی 50,000 کەسی تێدایە، بە ئەندامانی خێزانی جیهادییەکانیشەوە. نزیکەی 10,000 بیانی کە خەڵکی نزیکەی 60 وڵاتن، بە کەسوکاری چەکدارانی ڕێکخراوی داعشیشەوە، لە کامپی قەرەباڵغی ئەل هۆلی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سوریادایە، هاوکات پەنابەرانیشی تێدایە. بەرپرسێکی باڵای ئاسایشی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی " 192 خێزان یاخود 776 کەس " لە دوایین هەوڵەکانی گەڕاندنەوەیاندا گەڕاونەتەوە بۆ عێراق. ڕۆژی شەممە ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە چەندین پاس بە خێزانە عێراقییەکانەوە کامپی ئەل هۆلییان جێهێشتووە، کە لەلایەن بەرپرسانی کوردی سوریاوە بەڕێوەدەبرێت. لەگەڵ گەیشتنییان بۆ عێراق، بەرپرسانی عێراق ئەو کەسانەی کە لە کامپی ئەل هۆلەوە گەڕاونەتەوە بۆ چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک لە " ناوەندێکی چاکسازی دەروونیدا " دەهێڵێتەوە کە لە ئەل جەددەی باشووری موسڵدایە، لەوێ پشکنینی ئاسایشیییان بۆ دەکرێت. دەزگای هەواڵی ئینای عێراق لە سەرەتای مانگی یانزەدا لە زاری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق قاسم ئەل عەراجییەوە بڵاویکردەوە زیاتر لە 1500 خێزانی عێراقی گواستراونەتەوە بۆ ئەل جەددە. عەرەجی وتی لەو ژمارەیە نزیکەی 900 خێزان ئازاد کراون و ڕێگەیان دراوە بگەڕێنەوە ماڵەکانییان. گەڕاندنەوەی ئەندامانی خێزانی چەکدارانی داعش مشتومڕی لە عێراقدا دروست کردووە، لە کاتێکدا کە لە کۆتایی ساڵی 2017 دا چەکدارانی داعش خاکێکی بەرفراوانییان لەو وڵاتەدا کۆنتڕۆڵ کرد. پڕۆسەی گەڕاندنەوەیان ڕووبەڕووی بەرهەڵستکاری بووەتەوە لەلایەن دانیشتوانی ناوخۆی عێراقەوە کە نایانەوێت خێزانەکانی داعش لە نێویاندا بژین. بەڵام هێشتا بەغداد بەردەوام هاووڵاتییانی لە کامپی ئەل هۆل دەگەڕێنێتەوە، ئەم سیاسەتەش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکاشەوە ستایش کراوە. سەرەڕای شکستەکەیان، چەکدارانی داعش هێشتا هێرش دژی هێزەکانی ئاسایش لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدەن. سەرچاوە/ فرانس پرێس