بەرپرسێکی ئەمەریکا: لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا چوار هێرشییان کراوەتەسەر

دوایین نوێکردنەوە 2023-11-13 20:54:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەرپرسێکی سەربازیی ئەمەریکا دەڵێت لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چوار جار لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێتەوە هێرشییان کراوەتە سەر، وتیشی زیانی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانێکی کەم هەبووە. بەرپرسەکە وتی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمەریکا لە نزیک کێڵگەی نەوتی ئەل عومەر و بنکەی ئەمەریکا لە ئەل شەدید سێ جار هێرشییان کراوەتە سەر. بەرپرسەکە وتیشی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقەیان لە هێزەکانی ئەمەریکا کردووە لە زۆنی نیشتنەوەی ڕومالین. فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان خراوەتە خوارەوە، بەڵام فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکە زیانی بە چوار خێمە گەیاندووە. هێرشەکان لە کاتێکدا بوون کە ئەمەریکا دوو هێرشی ئاسمانی دژی دامەزراوەکانی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران ئەنجامدا. لە سەرەتای مانگی 10 ەوە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لانیکەم 40 جار هێرشییان کراوەتەسەر، گروپە چەکدارییەکانیش دەڵێن هێرشەکان وەکو وەڵامێکن بۆ پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل لە جەنگەکەیدا لە غەززە. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت تاوەکو ئێستا لانیکەم 56 سەربازیی ئەمەریکایی بەهۆی ئەو هێرشانەوە بە سووکی بریندار بوون. ئەمەریکا دەڵێت هێرشەکان گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران ئەنجامییان دەدەن، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ئەو گروپانە بە بڕیاری خۆیان کاردەکەن. ئەمەریکا 900 سەربازی لە سوریادا هەیە و 2500 سەربازی دیکەی لە عێراقدا هەیە، ئەرکی ئەو هێزانە مەشق و ڕاهێنانە بە هێزە ناوخۆییەکان کە هەوڵی ڕێگریکردن دەدەن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش. نیگەرانی هەیە لەسەر پەرەسەندنی ململانێکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس بە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ببنە ئامانجی هێرشەکان. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، لەوانەش دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگرییان تێدایە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ئێران و گروپەکانی سەر بە ئێران. ئەمەریکا لە هەمان کاتیشدا هەزاران سەربازیی دیکەی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز