هەولێر-KDP.info- لە بیرەوەری (32) هەمین ساڵوەگەڕی كارەساتی دڵتەزێنی ئەنفالدا، سڵاوی ئەمەك و وەفاداری بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەو شاڵاوە دڕندانەیە دەنێرین، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی قوربانیانی ئەنفال دەكەین.
شاڵاوی بەدناوی ئەنفال دژ بە رۆڵەكانی گەلەكەمان هەرچەندە رووداوێكی جەرگبڕ و ویژدان هەژێن بوو، بەڵام بڕوا و متمانەی گەلەكەمانی بە خۆراگریی و بەردەوام بوون بۆ هێنانەدی ئامانجەكانمان پتەوتر كرد و سوور بوو لەسەر تێكۆشان و قوربانیدان تا ئەو دەسكەوتانەی ئەمڕۆی بەدیهێنا.
پێویستە بۆ لەمەودوا بۆ بەجینۆسایدناساندنی شاڵاوی ئەنفال هەوڵ و كۆششەكان لە هەموو لایەكەوە بەردەوام بن بەتایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا و دەوڵەتی عیراقیش ئەو بەرپرسیاریەتیە لە ئەستۆ بگرێ بۆ قەرەبووكردنەوەی خانەوادە و كەسوكاری قوربانیان و كاركردنی زیاتر بۆ دۆزینەوە و هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالكراوان.
لەو بیرەوەریە تاڵەدا جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر خزمەتكردنی خانەوادەی قوربانیانی ئەنفال و قەرەبووكردنەوەیان، هەروەها دەخوازین ئەو یادە هەوێنی زیاتر یەكڕیزیی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بێ بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەواكانمان.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و گشت شەهیدانی كوردستان..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
14/4/2020