هەولێر-KDP.info- بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئایینی خوشك و برایانی ئێزدی، گەرمترین پیرۆزبایی لە كەسایەتی و میری ئێزدیان و ئەنجوومەنی رووحانی كوردانی ئێزدی و سەرجەم ئێزدیان لە كوردستان و جیهان دەكەین، هیوادارین ئەو جەژنە و گشت جەژن و بۆنەكانتان لە سایەی ئازادی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بە خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك بگەڕێـتەوە و مایەی دڵنەوایی و ئارامیی و موژدەی كۆتایی هێنانی ناخۆشی و دەردەسەریەكانی پێبێت.
ئەم جەژنە لەکاتێکدا پیرۆز دەکەین کە پەتای کۆڕۆنا کوردستان و ھەموو جیھانی گرتۆتەوە، وا پێویست دەكات هەموو لایەك هاوكار و پابەندبین بە رێنماییە تەندروستیەکان لە پێناو تەندروستی و سەلامەت تاک بە تاکی کۆمەڵگەکەمان و زاڵبوون بەسەر مەترسیەکانیدا.
بەو بۆنەیەوە جارێکیتر پاڵپشتی تەواو و بەردەوامی ماددی ومەعنەوی پارتیمان و سەرۆك مەسعود بارزانی دووپات دەكەینەوە بۆ پاراستنی كوولتوری رەسەنی ئێزدیاتی و گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ تەواوی ناوچەكانتان و كاركردن بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدان و پێشكەوتنی گیانی برایەتی و پێكەوەژیان و تەبایی لای گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانیی.
جارێكی دیكە جەژنتان پیرۆزبێت و ئومێدی بەختەوەریی و خۆشگوزەرانیتان بۆ دەخوازین..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان