دۆسیەی دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی عەفرینی لە دهۆک نزیکی مانگێکە بە نادیاری ماوەتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-11-22 21:58:08 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

دوای مانگێک لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، پارێزەرێک دەڵێت چارەنووسی سلێمان نادیارە و دۆسیەکەشی لە نێوان دادگاو ئاسایشی گشتیدا بە نادیاری ماوەتەوە. ئەو پارێزەرە ئاماژە وەدەکات هەرچەندە بە پێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان دەبوو ئەو ڕۆژنامەنووسە پارێزەری هەبێت و لە ڕێگەی پارێزەرەوە وتەی لێوەربگیرێت، بەڵام ئاسایش ڕەزامەند نەبوون پارێزەرەکان بریکارنامەی ئەو تۆمەتبارە قبوڵ بکەن، بۆیە تا ئێستا ڕێگە نەدراوە چاویان پێی بکەوێت و بزانن ئەو مادە یاساییە چیە کە ئەو ڕۆژنامەنووسەی خەڵکی ڕۆژئاوای لەسەر دەستگیرکراوە. نەریمان ئەحمەد، دپارێزەرێک لە شاری سلێمانی کە لە لایەن خێزانی سلێمان ئەحمەدەوە ڕاسپێردراوە بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە دوو پارێزەرین لە دوای دوو جار سەردان کردن چووین بۆ لای دادوەری ئاسایش داواکاریمان پێشکەش کرد بە مەبەستی تەنزیم کردنی وەکالەت و خوێندنەوەی دۆسیەکەی سلێمان، حاکم بڕیاری دەرکرد بچین دۆسیەکەش بخوێنینەوە و وەکالەتیش بکەینەوە بۆ تۆمەتبار. بەڵام لەکاتی گەڕانەوەماندا بۆ ئاسایش بڕیارەکەی دادوەریان جێبەجێ نەکرد، بیانووی ئەوەیان هێنایەوە کە لەوێ نییە." پارێزەری دووەم کە لە لایەن خێزانی سلێمان ئەحمەدەوە ڕاسپێردراوە بۆ کارکردن لەسەر دۆسیەکە ناوی زانیار عەزیز حەمەیە. بە پێی مادەی 123 بڕگەی 1 و 2 و 3 لە یاسای بنەما دادگەریە سزاییەکان، پێش لێکۆڵینەوە پێویستە لەسەر دادوەری لێکۆڵینەوە پرسیار بکات تۆمەتبار پێویستی بە پارێزەر هەیە یاخود نا. ئەگەر تۆمەتبار داوای پارێزەری کرد دەبێت هیچ وتەیەکی لی وەرنەگیریت هەتا پارێزەری بۆ دابین دەکرێت. وە دەبێت لە ماوەی  24کاتژمێردا وتەی تۆمەتبار وەربگیرێت و ئەگەر "ئیمکانیەتی" نەبیت پێویستە دادگا  پارێزەری بۆی دابین بکات. لەو بارەیەوە نەریمان ئەحمەد وتی،"لە دوای دەستگیرکردنی هەر تۆمەتبارێک دەبێت پارێزەری بۆ دابنرێت بە پێی یاسا، بەڵام ئاسایش ئێمەیان ئیزندا وتیان لێرە نییە. دواتر بۆمن دەرکەوت لە ئاسایشە و بە پێی بەیاننامەی خۆشیان بێت تۆمەتبار لە ئاسایش دەستبەسەرە." نەریمان ئەحمەد وتیشی، "بە پێی بە دواداچوونەکانی ئێمە ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆماوەی 5 ساڵە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە و لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز هەواڵسازە، سەرجەم بەڵگەی فەرمی مانەوەی هەیە هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، ئەو هەڵگری پاسپۆرتی سوریە و بە پاسپۆرتیش گەڕاوەتەوە بۆ لای کەسوکارەکەی پاشان بۆ هەرێمی کوردستان." بە پێی بەیاننامەی سەنتەری میترۆ لە ڕێکەوتی 29ی مانگی 10، سلێمان ئەحمەد لە 1ی دەی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی "بەرێكاری یاسایی" سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردووە. هەر بەو رێكارە كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە لە 25ی مانگی دەی 2023 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە. ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک ڕایگەیاندراوێکی لەسەر ئەم کەیسە بڵاوکردوە کە تێیدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایش ، کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکەشدا دانی بە کارەکانی خۆیدا ناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە." بەڵام پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی دهۆک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ڕۆژنامەنووسە لەلای ئێمە دەستگیرنەکراوە و ئێمە ئاگاداری گرتنی ئەو کەسە نین." خێزانی سلێمان ئەحمەد و ئەو پارێزەرانەی لە نزیکەوە چاودێری دۆسیەکە دەکەن ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە. دایکی سلێمان، سوڵتان ئەحمەد، لە ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا داوای ئازادکردنی کوڕەکەی دەکات و دەڵێت، "کوڕەکەم کاری هەڵە ناکات. کوڕەکەم سەر بە هیچ لایەنێک نییە و کاری خۆی دەکات...تەنها دەمەوێت دەنگی کوڕەکەم ببیستمەوە." سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکە، ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، پێشتر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "ئەم کەسە کە لە ڕۆژنیوز ئیش دەکات وە تەماشا دەکرێت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، کە ئەمە جهەتێکە نزیکە لە پارتێکی باکوری کوردستانەوە، بۆیە گومان دەکرێت بابەتەکە بە سیاسی کرابێت." هەریەک لە سەنتەری میترۆ، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ئیدانەی دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کردووە، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دهۆکیش دەڵێن، ئاسایش هیچ زانیاریەکیان پێنەدراوە لەسەر ئەو دۆسیەیە. ڤیان عەباس، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دهۆک بە هەمانشێوە ڕایگەیاند کە ئاسایش تا ئێستا ڕێگەی نەداوە تۆمەتبارەکە ببینن.  ڤیان عەباس بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک سەندیکا سەردانی دادگامان کرد، بەڵام داوایان لێکردین سەردانی ئاسایشی گشتی بکەین. چەندین جاریش پەیوەندیمان پێوە کردوون هیچ زانیاریەکیان نەداوەتە ئێمە و دەڵێن با لێکۆڵینەوە تەواو ببێت زنیاریتان لەسەر سلێمان دەدەینێ." دوای تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر دەستگیرکردنیدا تا ئێستا دۆسیەی سلێمان بە نادیاری ماوەتەوە و ئاسایشیش ئاماژە بەوە دەکەن لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکەن. نەریمان ئەحمەد سەبارەت بە چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە، وتی، "ئاسایش بە بیانووی ئەوەی لێکۆڵینەوە تەواو نەبووە نەیانهێشتووە ئێمە ببینە پارێزەری و چاومان پێی بکەوێت بە فەرمی. بەڵام بە فەرمی چەند ڕێکخراوێکی نێو دەوڵەتی لەسەر کەیسەکەی ئیش دەکەن و لە هەوڵدان تا گفتوگۆ لەگەڵ ئاسایشدا بکەن. ئێمەش سەرجەم وردەکارییەکانی دۆسیەکەمان پێ وتوون." هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ئاسایشی دهۆک لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی ئەم دۆسییەیە بێ ئەنجام بوون. ئاشتی مەجید بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئاسایشی هەولێر  بەدەنگی ئەمەریکای وت، "پێشتر لەسەر ئەو بابەتە لێدوانمان هەبووە و قسەی زیاترمان نییە."