لەڕێگەی بەکارهێنانی زێڕ لەئاڵوگۆڕە بازرگانیەکان وڵاتانی ئیسلامی روبەڕوی ئەو سزا ئابوریانە دەبنەوە کە بەسەریاندا دەسەپێندرێت

دوا نوێکردنەوە: 2019-12-21 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان- 

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا رایگەیاند، ئێران، مایزیا، تورکیا، قەتەڕ  هەوڵ دەدەن لەڕێگەی بەکارهێنانی زێڕ لەجێگەی دۆلاری ئەمریکی لەئاڵوگۆڕە بازرگانیەکانیاندا، دژ بە هەمو ئەو سزا ئابوریانە بوەستنەوە کە لەداهاتودا دەسەپێنرێت بە سەریاندا.

ئێران و قەتەڕ توانیویانە تا ئێستا خۆڕاگربن لەبەرامبەر ئەو سزایانەی کە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێندراوە

 

مەهاتیر محەمەد، سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ئەمڕۆ شەممە لەکۆتایی کۆبونەوەی لوتکەی رابەرانی وڵاتانی ئیسلامی رایگەیاند، "ئێران و قەتەڕ توانیویانە تا ئێستا خۆڕاگربن لەبەرامبەر ئەو سزایانەی کە بەسەر وڵاتەکەیاندا سەپێندراوە".
پێویستە وڵاتانی ئیسلامی پشت بەخۆیان ببەستن لە روبەڕوبونەوەی هەر سزاو هەڕەشەیەک کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە وڵاتانی ئیسلامی پشت بەخۆیان ببەستن لە روبەڕوبونەوەی هەر سزاو هەڕەشەیەک کە بەسەریاندا دەسەپێنرێت".

مەهاتیر باسی لەوەشکرد، "لەئێستادا ئەو سزایانە کە بەسەر هەندێک وڵاتی ئیسلامیدا سەپێنراوە، دەبێت هەمو وڵاتانی ئیسلامی خۆی بۆ ئەوە ئامادەبکات کە لەوانەیە لە داهاتودا بەسەر هەریەک لە وڵاتانی دیەی ئیلامیدا بسەپێنرێت".

ساڵی رابردو 2018 لەپاش کشانەوەی ئەمریکا لەرێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 دوبارە سزا ئابوریەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە

 

ساڵی رابردو 2018 لەپاش کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەرێککەوتننامە ئەتۆمیەکەی ساڵی 2015 دوبارە سزا ئابوریەکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، هاوکات ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئەمریکا هاوپەیمانی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و میسڕ بەستوە، بەمەبەستی نەهێشتنی پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ قەتەڕدا.
لە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیلامی پێشنیار بەکارهێنانی دیناری زێڕینم کردوە لە مامەڵە بازرگانیەکانی نێوانماندا

 

مەهاتیر ئاماژەی بە بەکارهێنانی زێڕ کرد، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا مامەڵەی بازرگانی پێوەکراوە و رونیکردەوە، "لە کۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیلامی پێشنیار بەکارهێنانی دیناری زێڕینم کردوە لە مامەڵە بازرگانیەکانی نێوانماندا، هیواخوازین لەڕێگەیەوە بتوانین رێوشوێنێک بۆ بەکارخستنی بدۆزینەوە".

پێشتر حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی وتارێکدا لەکۆبونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامیدا لە کوالارامبوری پایتەختی مالیزیا جیهانی ئیسلامی روبەڕوی بەرەنگارییەکی نوێ بوەتەوە، لەسەر ئاستی نیشتیمانی و نێودەوڵەتیشدا، داوای لە جیهانی ئیسلامیش کرد خۆیان لەژێر رکێفی دۆلار و سیستەمی دارایی ئەمریکی رزگاربکەن.

رۆحانی بۆ بنەبڕکردنی ئەو کێشانەی کە روی لەجیهانی ئیسلامی کردوە وتی، "پێویستە وڵاتانی ئیسلامی خۆیان لەژێر رکێفی دۆلار و سیستەمی ئابوری ئەمریکی رزگاربکەن، ئەمە بە زیادکردنی هاوکاری دارایی و بانکى لەنێوان نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا دەستەبەردەبێت، پێویستە وڵاتانی ئیسلامی لەجێگەی دۆلار پارەی ناوخۆ لە ئاڵوگۆڕە بازرگانیەکاندا بەکاربهێنن".