ژنانی کورد لە قامیشلۆ لە ڕۆژی جیھانی ڕاگرتنی تووندووتیژی بەرانبەر ژنان، ڕژانە ناو شەقامەکان

دوا نوێکردنەوە: 2023-11-25 19:30:09 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەدان ژنی کورد لە شاری قامیشلۆ لە ڕۆژئاوا لە "ڕۆژی جیهانی ڕاگرتنی تووندووتیژی بەرانبەر ژنان" هاتنە ناو شەقامەکان و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی" و "نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان" دەنگی خۆیان بەرزکردەوە. ئارزو تەمو، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا ڕایگەیاند " ژنی کورد پێشەنگی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، چونکە خەباتی ژنانی کورد بۆتە نموونەیەکی جیهانی." ژنانی خۆپیشاندەر ڕایانگەیاند کە ئەم ڕۆژە بۆ خەباتیان لە دژی توندوتیژی گرنگە و داوایان لە هەموو ژنان کرد خەبات بۆ ئازادی و دەستبەرکردنی مافی خۆیان بکەن. ڕەمزیە مەحمەد، ئەندامی کۆنگرەی ستار کە چاودێری گشتی سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنانە لە ڕۆژئاوا، ڕایگەیاند "یاساکانی پشتیوانی ژنان لە ڕێگەی کاری ڕێکخراوەکانی ژنانەوە پەسەندکراون." دوای بزووتنەوەی جەماوەری لە سوریا، ژنانی کورد لە ڕێکخراوەکان و حیزبەکان و هێزە سەربازییەکاندا جێگەی خۆیان کردوەتەوە. جێڤین حەبیب، ژنە کوردێکی ئەو ناوچەیە دەڵێت ژنان دەتوانن لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن و بەسەر توندوتیژیەکاندا زاڵ ببن. دەشڵێت " ئازادی ژن لە چالاکی خوودی ژنانەوە دەست پێدەکات." لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نزیکەی 68 ڕێکخراوی ژنان هەن کە لەژێر دەستەی خۆبەڕێوەبەری ژناندا کاردەکەن. لە ئیدارەی خۆسەردا ژنان بە ڕێژەی 50%ی بەشداریان هەیە و لە هەندێک دامودەزگاشدا ڕێژەی بەشداری ژنان تا 70%یش دەگات. بەپێی زانیارییەکان بەشداری ژنان بەو رێژەیە لە لە ئیدارەی خۆسەردا، پیشاندەری دەسەڵات و چالاکی ژنانی کورد و پێشکەوتنیانە لە بواری ژناندا.