گەردی: چەند پێشنیازێك كراون بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ھێشتا بڕیار لە چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ نەدراوە و ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەش لە پەرلەمانی كوردستان پێی وایە، پێوەری ھەژماركردنی نمرەكانی نیوەی ساڵ بۆ قۆناغی كۆتایی، ناعەدالەتیی تێدایە.

حەسیبە  گەردی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ماوەیەكی زۆرە دەوامی قوتابخانەكان راگیراوە و ئەمەش كاریگەری لەسەر پاشەڕۆژی قوتابیان دەبێت، بۆیە چەند پێشنیازێك كراون بۆ درێژەدان بە پڕۆسەی خوێندن، یەكێك لەوانە خوێندنی ئەلیكترۆنی یانیش ئۆنڵاینە، بەڵام ئەوە بۆ قوتابیان پڕۆسەیەكی زەحمەتە و نەبوونی ھێڵی ئینتەرنێت لە ھەموو ناوچەكان و كارەبای بەردەوام، ئاستەنگن لە بەردەم خوێندنی ئۆنڵایندا".

گەردی دەڵێت: "لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستان ٢٠%ی قوتابیان لە ناوچە دوورەدەستەكانن و پێداویستیی خوێندنی ئۆنڵاین بەردەست نییە".

لەبارەی ھەژماركردنی نیوەی ساڵ بۆ قوتابیانی قۆناغی بنەڕەتی، ئەندامەكەی لیژنەی پەروەردە گوتی: "دەرچوواندنی قوتابیان بە بێ تەواوكردنی پڕۆگرامی خوێندن، بە زیانی قوتابیان دەشكێتەوە، واتە نابێت بە بێ خوێندن نمرە بە قوتابیان بدرێت، بە تایبەتی ھەژماركردنی نیوەی ساڵ بۆ كۆتایی ساڵ، قوتابی ھەیە لە وەرزی یەكەمدا كەوتووە، لەوانەیە لە وەرزی دووەمدا سەركەوێت و بە پێچەوانەوە".

ناوبراو روونیشی كردەوە: "ھەموو ھەوڵەكان بۆ ئەوەیە باشترین بژاردە ئامادە بكرێت بۆ بڕیاردان لەبارەی چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ، پێموابێت حكوومەت بڕیارێك نادات لە زیانی قوتابیاندا بێت، ئێمەیش وەك پەرلەمان لەگەڵ ئەوەداین چارەسەرێكی گونجاو بۆ خوێندنی ئەمساڵ بدۆزرێتەوە".

 

قائید میرۆ