هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزارەتەكان راسپێردراون بۆ ئەوەی یاسای چاكسازی جێبەجێ بكەن، لە ئێستاشدا دەست بە جێبەجێكردنی كراوە و هەر كەسێك بەپێی یاسا مافی بۆ دیاری كرابێت، پێی دەدرێت و ئەوەی لە دەرەوەی یاساش هەر شتێكی پێ درابێت، لێی وەردەگیرێتەوە.
د. عەبدولحەكیم خەسرۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە سكرتاریەتی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیمان وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ یاسای چاكسازی بكەین و لە هەشتی مانگیشدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی یاسای چاكسازی ئەنجام درا و لەوێ كۆمەڵێك بڕیار دەركران لەباری پەسەندكردنی یاساكە، كە دەركردنی كۆمەڵێك رێوشوێنی پێویستە بۆ ئەوەی وەزارەتەكان بیگرنە بەر تا بڕیارەكان جێبەجێ بكەن، لە ئێستاشدا وەزارەتەكان لای خۆیانە دەستیان بە جێبەجێكردنی یاساكە كردووە".
خەسرۆ گوتیشی: "لە ¼ پەیڕەوی یاسای چاكسازی پەسەند كرا، كە لە یاساكەدا هاتبوو، ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی 60 رۆژدا پەیڕەوێك دەربكات و بە كردەیی پێش ئەو وادەیە پەیڕەوەكە دەركرا و لە 7/4 لە وەقائیعی كوردستان بڵاو كرایەوە و لە 8/4 لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی یەكەم كۆبوونەوەی بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجام دا".
ناوبراو ئاماژەشی دا: "جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و پلاندانان و ناوخۆ و شەهیدان و وەزارەتی كاروبای كۆمەڵایەتی و پێشمەرگە و دیوانی وەزارەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئەندامن، بۆیە لە كۆبوونەوەی هەشتی مانگدا پلان و میكانیزمی جێبەجێكردنی یاساكە دانرا، ئەوانەش كە پلانەكەیان پەسەند كردووە، داوایان لێ كرا كە لیژنە دروست بكەن و یاساكە جێبەجێ بكەن و وەزارەتەكان دەستیان بە كۆمەڵێك رێكار كردووە بۆ ئەوەی یاساكە جێبەجێ بكەن".
دەشڵێ: "ئامانج لە یاسای چاكسازی دادپەروەری و شەفافیەتە و ئەوانەی كە شایستەن، لە بودجەی گشتی داهاتیان هەبێت، ئەمەش رێك دەخرێت و هێزی پێشمەرگە و پاسەوانانیش رێك دەخرێن، بۆیە ئەو یاسایە زۆر لایەنی گرتۆتە خۆی، كە بریتین لە وەزارەتی پێشمەرگە و خانەنشینی و كاروباری كۆمەڵایەتی و میلاكی گشتی و قەرزی بازرگانی و ئەلیكترۆنی و سیستەمی مووچە وسیستەمی بانكی، بۆیە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە دەبێتە گرنگترین پرۆسەی چاكسازی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام پرۆسەی چاكسازی زۆر فراوانترە و یاسای چاكسازی بەشێكە لە پرۆسەیەكی گشتگیر، چونكە حكوومەت لە سەرەتای كابینەی نۆیەمدا دەستی بە چاكسازی كردووە لە بواری ئابووری و سێكتەرە جیاوازەكان وەكوو داهات و خەرجییەكان، بۆیە یاسای چاكسازی بوارێكە لە بوارەكان".
روونیشی كردەوە: "بەشێكی چاكسازییەكە پێویستی بە كات هەیە و بەشێكیشی كاتی ناوێت، بۆیە ئەو پلانەی دانراوە بەپێی خشتەیەكی زەمەنییە بۆ ئەوەی یاساكە جێبەجێ بكرێت".
عەبدولحەكیم خەسرۆ ئەوەشی خستە ڕوو: "یاسای چاكسازی هەموو بوارەكانی خەرجی و داهات دەگرێتەوە و لەگەڵ هەموو بوارەكانی دیكە، بۆیە هەر بوارێك كاتی بۆ دانراوە جێبەجێ بكرێت و یاساكەش بۆ ئەوەیە، ئەوەی شایستەی مووچە و بەخشین بێت، وەریدەگرن و ئەوەی پەیوەستە بە خانەنشینی و كەسوكاری شەهیدان و وئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، بەپێی یاسا بەركارەكان مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، بۆیە یاسا هەر مافێكی بە فەرمانبەر دابێت، حكوومەت بۆی نییە دەستكاری بكات و وەكو خۆی دەمێنێت و هەموو كارەكان بەپێی یاسا دەبێت، بۆیە یاسا هەر كارێكی بە هەر كەسێك دابێت، حكوومەت ناتوانێ لێیان وەرگرێتەوە و، یاسای چاكسازییش ئەوانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی یاساكانی بەركار مافیان وەرگرتبێت، بەڵام ئەوانەی بە یاسا مافیان بۆ دیاری كرابێت، پێیان دەدرێت".
بڵند ئیبراهیم