هەولێر-KDP.info- نزیكەی حەوت ھەزار كارمەندی تەندروستی بە گرێبەست دامەزراون و گرێبەستەكەیان بەرەو تەواوبوون دەچێت، وەزیری تەندروستیش دەڵێ، گرێبەستی كارمەندانی تەندروستی نوێ دەكرێتەوە و لە ئایندەدا دەكرێنە ھەمیشەیی.
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گرێبەستی كارمەندانی تەندروستی نوێ دەكاتەوە، ھەر كارمەندێكیش پێشتر بە گرێبەست لە وەزارەتی تەندروستی دامەزرابێت، لە ئێستادا گرێبەستەكەی بۆ نوێ دەكرێتەوە".
وەزیری تەندروستی گوتیشی: "ژمارەی كارمەندانی گرێبەست لە كەرتی تەندروستی، زیاتر لە شەش ھەزار كارمەند دەبێت و لە نەخۆشخانە و بنكەكانی تەندروستیی سەر بە حكوومەت خزمەت دەكەن".
بەرزنجی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ بەھەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە وەزارەتی تەندروستی و، لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە ھەوڵداین و بڕیارە بكرێنە ھەمیشەیی، بەڵام رەوشی ئێستا رێگر بووە و لە ئایندەدا كاری لەسەر دەكرێت".
قائید میرۆ