قایمقامی رواندز بۆ KDP: بۆردوومانەكە بنكە و بارەگاکانی پەكەكەی كردووەتە ئامانج

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

رواندز-KDP.info- نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زینی وەرتێی سەر بە قەزای رواندزیان بۆردوومان كرد، قایمقامی رواندزیش ئاشكرای كرد، زیانەكان نەزانراون، بەڵام بنكە و بارەگاكانی پەكەكە بە ھۆی بۆردوومانەكەوەوە خاپوور بوونە.

كوێستان ئەحمەد، قایمقامی رواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ژمارەیەك ناوچەی سەر بە قەزای رواندزیان بۆردوومان كردووە و بۆردوومانەكەش ژمارەیەك بنكە و بارەگای پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ـی لە زینی وەرتێ كردووەتە ئامانج".

قایمقامی رواندز گوتیشی: "ئەو شوێنەی بۆردوومان كراوە، نزیكە لە بارەگاكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان و تەنیا ٢٠٠ مەترێك لە پێشمەرگەوە دوور بووە، بەڵام پێشمەرگە زیانی بەرنەكەوتووە و تەنیا زیانی ماددی بەر تاوەرەكانی گەیاندن كەوتووە".

كوێستان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "دوای كاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆش، جارێكی دیكە فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چیای ھەلاموولییان لە كۆتایی زنجیرەچیای كارۆخ بۆردوومان كردووە، بێگومان ھەموو بۆردوومانەكانیش بۆ سەر بنكە و بارەگای پەكەكە بوون".

 

لەبارەی زیانەكانی پەكەكەوە، كوێستان دەڵێت: "ژمارەیەك گوندی سنوورەكە لە ژێر ھەژموونی پەكەكەدان و ئێمە زانیاریمان نییە سەبارەت بە زیانەكانی چەكدارانی پارتی كرێكاران "پەكەكە".

 

قائید میرۆ