هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەك لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە گرتنی كەسێكی مورتەزەقە لە لیبیا، كە ماوەی چەند ڕۆژێكە ژمارەیەك سایت و میدیای كوردی لە هەڵمەتێكی ناڕەوادا بۆ لەكەداركردنی پارتی و لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەكاری دەهێنن، ڕوونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە.
ئەمە دەقەكەیەتی:
لەبارەی گرتنی كەسێكی مورتەزەقە لە لیبیا، كە ماوەی چەند ڕۆژە ژمارەیەك سایت و میدیای كوردی لە هەڵمەتێكی ناڕەوادا بۆ لەكەداركردنی پارتی و لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەكاری دەهێنن، بە هەموو لایەك ڕادەگەیەنین كە:
یەكەم: ئەو كەسەی لە لیبیا گیراوە و بەشێوەیەكی گوماناوی ناسنامەی بۆ داتاشراوە، دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەشكری ڕۆژەوە نییە و هەرگیز تەنانەت بۆ یەك خولەكیش پێشمەرگە نەبووە.
دووەم: ئەو شەڕ و كاولكارییەی لە لیبیا ڕوودەدات، دەرهاویشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. شوورەییە كە بۆ لەكەداركردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێك ببردرێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە. ئەوە خۆی لە خۆیدا نیشانەی ئیفلاسیی سیاسی و ئەخلاقی و فكرییە.
سێیەم: ئەگەر گریمان پڕوپاگەندەكان لەبارەی ئەو كەسە ڕاست بووایە و پێشمەرگە بووبێت (كە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەكی نییە)، ئەوە هەموو لایەك زۆر باش دەزانن كە لە مێژووی شۆڕشەكانی كورد ڕووی داوە كەسانێك لەناو شۆڕش بوونە بەڵام ناپاكییان كردووە و لە ڕیزی شۆڕش و پێشمەرگە چوونەتە ڕیزی دوژمن.
چوارەم: ئەو كەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا كارێكی نەشیاوی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاكییەكەی بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناپاكیی فرۆشتنی خاك و خەڵك كە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری ڕاهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەكردنی بابەتی مورتەزەقەكەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بكەنەوە.
پێنجەم: ئەگەر مەبەست لەم هەڵمەتە و لەكەداركردنی پێشمەرگە سەرقاڵكردنی خەڵك بێ بۆ ئەوەی تاوان و ناپاكییەكانی ئەو لایەن و تاقمە دابپۆشرێت، ئەوە با هەموو لایەك دڵنیا بن بەم ژاوەژاو و ناهەقی و چەواشەكارییە تاوان و ناپاكییەكان هەرگیز بزر نابن و فەرامۆشیش ناكرێن.
شەشەم: لەشكری قارەمانی ڕۆژ بە دەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە. ئەو كاتەی كە قارەمانانی لەشكری ڕۆژ بەشداربوون لە تێكشكاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵكی تر خاكیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.
حەوتەم: ڕاستییەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبن و وەك هەمیشەش ڕووڕەشی بۆ چەواشەكاران دەمێنێتەوە.
سەرچاوەیەك لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
١٥ـی ٤ـی ٢٠٢٠