" چەند پێشنیارێک بۆ لێبۆردنی تایبەت ئامادە کراون"

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- ‌‌ دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان چەندین پێشنیار بۆ دەرکردنی لێبۆردنی تایبەت بۆ زیندانیانی نێو چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان کراون بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی تەندروستیی چاکسازییەکان، شارەزایانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پێویستە بە ھەستیاری مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بکرێت.

زانا مەلا خالید، ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتیی پەرلەمانی کوردستان، بە مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لیژنەی تایبەتمەند پێک ھاتوون تا کار بۆ ئامادەکردنی پلانێک بکەن و لێبۆردن بۆ ئەو سزادراوانە دەربکرێت، کە نابنەوە مەترسی بۆسەر کۆمەڵگا و ڕەوشی چاکسازییەکان لەبەرچاو بگیرێت."

زیا پترۆس، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند: "دەستەی مافی مرۆڤ چوار پێشنیاری بۆ لێبوردنی تایبەت ئامادە کردووە و پێشنیارەکان لەلایەن لیژنەکەوە ئامادە کراون و پێشکەشی حکوومەت و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەکرێن."

زانا مەلا خالید پێی وایە: "لیژنەکە کەیسەکان دیاری دەکات و ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ھەرێم دەکرێن و بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستاندایە فەرمانی لێبۆردن دەربکات، ئینجا دادوەران دیاری دەکەن کێ دەگرێتەوە و کێ ناگرێتەوە، بەڵام بێگومان ئەوەی بکرێت و بزانن  مەترسیی نییە بەر لێبۆردنی تایبەت دەکەون."

لەبارەی پێشنیارەکانەوە، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ گوتی: "پێشنیارەکان بریتین لە ھەموارکردنەوەی سیستەمی چاکسازییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەرکردنی لێبۆردنی تایبەت کە لە دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندایە، ھەروەھا پێشنیاری ئەوەمان کردووە ئەو سزادراوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە ڕێکەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ ڕادەست بکرێنەوە بەو مەرجەی مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت."

 

قائید میرۆ