کەرکوک مێژووی لە ئێستا رونتر بوو

دوایین نوێکردنەوە 2023-12-06 13:54:05 - سەرچاوە: شەفەق نیوز

بەدر شێرۆکی/ لە جیهانی ئەوڕۆدا، کە لێوانلێوە لەسەرئێشە و کێشمەکێشی سیاسی و ملیتاریستی و پڕاوپڕیشە لە سەرقاڵی و بەرچاولێلی ئاسۆی تژی لە تەپ و تۆزی  تامبۆن و هێرشی سوپایی روسیا بۆ سەر ئۆکرایین و   شەڕ و پەلامارە کتوپڕ و دڕاماتیکییەکەی حەفتی ئۆکتۆبەری رابردوو بۆ سەر ئیسڕائیل، لێرە لە ناوچەیەکی هەردەم کێشەلەسەری وڵاتی عێراق، لەشارێک کە لەمێژە پرسی داگیرکرانی خاک و پێگەی ئەتنیکی بووتە چیڕۆکێکی جیهان ناس، ئێستا و لەودۆخە باسکراوەدا بەرەو هەڵبژاردنێک هەنگاو دەنێین، کە زیان و سودەکانی، دۆڕان و سەرکەوتنی، نەبۆ کورد، نە بۆ دەوڵەتی ناوەندیی عەرەبگەرا و نەبۆ هێزە میلیشیا مەزەبکارەکانی، کە کارەکتەری دژیەکی سەرگۆڕەپانی زۆرانبازی ئەو شارەن، نە دیارە، نە جێگای پێشبینیکردن و شرۆڤەیەکی راست و نزیک لەو ئەنجامە کردەییەیە، کە لە ئێستاوە گریمانەی بۆ بکرێت.

لە مێژووی یەکسەدەی رابردوو و لەناو دژواری و پێچاوپێچیی شۆڕش و تێکوشانی رزگاریخوازیی کوردیدا، کەرکوک جیاواز لە بیروباوەڕ و جیهانبینیی سیاسیی دانیشتوانی بۆ کوردی ئەم شارە و کوردستانی باشوریش بە گشتی، هەردەم تەنیا یەک روو و یەک ئامانج و یەک خواست، ئەویش پرسی خاکی کوردستان بووە. لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا، بۆ گەڕادندنەوەی کەرکوک کورد هەردوو فاکتەر و بژاری بەردەستی تاقیکردەوە، هەموو هێزوو توانای سیاسی و دیپلۆماسی خۆی خستەگەڕ، بۆ چەندان خولی یەک لە دوای یەک نوێنەرانی کورد گفتوگۆی چڕوپڕیان ئەنجامدا، دواتر کەناوەند لە رێگای گفتۆگۆوە نەچووە ژێر باری سەلماندنی مافی خاوەنداریەتی کورد بەسەر کەرکوکەوە، کورد لەپێناو ئەو شارەدا، لە بەکارهێنانی هێزی چەک و چوونە ناوشەڕێکی خوێناوی دژوار و تاقەت پرۆکێن دەرێغی نەکرد، بەڵام مەسەلەی هەرە گرنگ لەو سەردەمەدا ئەوە بوو کە، لە بەکارهێنانی گشت رێکار و ستراتیژ و سیاسەتەکان، یەک هێز و جیهانبینی و بڕیار، لە ئاراستەکردنی سیاسەتی کورد رۆلیان دەبینی.

لە دەیەی شەستەکانی سەدەی بیست، تا دەگاتە سالی ١٩٧٥ی ئەو سەدەیە، کورد وەکوو یەک گەل و نەتەوە، بەپێی یەک ستراتیژ و یەک ئامانج، لە بەرابەر یەک دەوڵەت و یەک نەتەوەی عەرەب لە عێراق، بۆ مسۆگەرکردن و وەدەستهێنانی پرسێک، بەناوی بەشێک لەخاکی کوردستان، کە شارێک بەناوی کەرکوکی لەسەر بنیات نراوە و گەلێکی لەسەر دەژی کە زۆرینەی هەرەزۆری کوردە و دەبێ بگڕێتەوە باوەشی نیشتیمان، کەوتبووە تێکۆشان جموجۆلێکی بێ وچانەوە. 

کورد لە سەردەمانی سەدەی رابردووشدا، گەرچی لەرووی یاسایی و ئیدارییەوە ددانیشی پێدانەنرابووبێت، بەڵام خاوەنی هەرێمێکی جوگرافی و ناوچەیەکی ئازادکراوی زۆر بەرفراوان بوو، کە دەسەڵاتی شۆڕش مینا دەزگای ئیداری و بەڕێوەبەرییەکی نزیک لە حکومەتێک رۆلی تێدا دەبینی و بەڕێوەی دەبرد. کەواتە جیاواز لە پرسە یاسایی و ئەرێکردنە نێودەولەتی و عێراقییەکە، وێکچونەکانی ئەودەم  لە روی حوکمڕانی و دەسەڵاتداریەوە، لەگەڵ ساڵی 2023 ی کوردستانی ئێستادا، کە بڕیارە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی تێدا بەڕێوە بچێت، زۆر هاوبەشی سیاسی و نزیکی لە دژایەتی ئەتنیکی و نەتەوەیی بەرچاو دەکەوێ و لە ئارادایە. ئەو دەم حکومەتی ناوەندی باوڕی بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد نەمابوو، بەتەواوی لە بەڵێنەکانی راگەیێنراو لە پێکهاتنەکان و بەیانی یازدەی ئازاری ساڵی حەفتا پاشگەز ببوویەوە و بەهەموو هێز و توانایەوە جاڕی شەڕی لێدەدا و کوردی بەرەو دەرەوەی دۆخی ئاشتیی و دڵنیاییەکانی بەرهەمهاتوو لەو پەیمانە پەلکێش دەکرد.

ئێستاش لەسەدەی بیست و یەکدا، لەرووی ئەزموونە مێژووییەکەوە و بەپێی نیشانە سیاسی و دیاردە و بزاڤە شۆڤینی ئاساکان، کە لەلایەن دەسەڵاتی بەغدا نمایش دەکرێن، پێناچێت لە باری کلتووری حوکمڕانییەوە،  دوای گۆڕانی رژێمی توتالیتری بەعس و تێپەڕینی سەدەیەک، سیاسەتمەدارانی نەتەوەی سەردەست لە بەغدای، بە گیانی پلۆرالیزم و پێکەوەژیانی سیاسی و فەرهەنگی و نەتەوەیی ئاشنا کردبێت. وەک دیارە لە روانگەی ئاراستەی ناوەندگەری دەسەڵاتدارەوە، ئێمە هەمان نەتەوەی  کوردی بێدەسەڵاتی جارانین، کە لە وڵاتی عێراقی تاکڕەوی جاراندا دەژین، بۆیە هاوکێشەکان ئەوەندە دژوار و تەمومژاوی نین بۆ ئەوەی  کۆدی نهێنییەکانی قەیران و تەنگەژە سیاسییەکان بکەینەوە و لە زمانی داوە یاساییەکان تێبگەین کە پێمان دەڵێن، ئەو دەوڵەتەی ئێمەی تێدا دەژین،  هیچ بڕوایەکی بە فدرالیزم نەماوە و بەتەواوی خەریکە بنەماکانی تۆلێرانس و بەیەکەوەژیانی سیاسی بنکۆڵ دەکا و نەتەنیا خاک و شار، بەڵکوو توانایێکی زۆری خستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی یەکێتی گەل و شەقامی سیاسی کوردی لەیەک داببڕێ و بنیاتی یەکبوونی نەتەوەیی لە کوردستان بخاتە بەر مەترسییەکی جدییەوە.

لە بەرابەر هەموو ئەو ئاژاوەگێڕیە و تەوژمە سیاسییە مەترسیدارەدا، کە وەکوو گەردەلولێک کورد بەرەو دۆڵی قۆناغی پێش فدرالی و ژێردەستیی رەها گلۆر دەکاتەوە، بەشداری پارتە کوردیەکان، بەهەموو هزر و بەرنامە و ئیدۆلۆژییەکانیانەوە، بە چەند لیست و بەرنامە و بەرەی جیاواز و دژیەک و ناتەبا، تا رادەی خۆکوژیەکی بەکۆمەڵ و دۆز کوژیەکی ریشەیی مەترسیدارە. ئەوە رێک هەنگاونان بەرەو تەڵه‌ و داوی سیاسی عێراقی عەرەبییە، کە بۆ دەستبەستنەوەی نەتەوەی کورد لەکەرکوک ناویەتەوە و هیوای لەسەر هەڵچنیوە.

کورد دەڵێ ماڵ بەخۆی ماڵ نەبوو، مێوانیشی بۆ هات، هەر کاول بوو.

بنیات و نشینگەی رەسەن و رەگ داکوتاوی کورد، وەکوو خاوەنی خاک و شار، لەکەرکوکی دوای شازدەی ئۆکتۆبەر، گورزێکی جەرگبڕی بەرکەوتووە، شڵەژان، ناجێگیری، ئاوارەبوون و هەڵتەکان، بە بەردەوامی لە دەستوری کاری هێزە ملیشیاییە خۆسەرەکانی عەرەبیدایە، لەروی سیاسی و بگرە قورسایی و ژمارەی دانیشتوانیشەوە، کورد پێگەی قایمی جارانی بۆ نەماوەتەوە و لەچەند رەخ و جەبهەوە، لە ژێر هەڕەشەی دژواری گەلەکۆمەی سیستەماتیکی ئەتنیکی و مەزەبیدایە.

 لەکەرکوک تورکمان لە رابردوو و ئێستا و ئایەندەدا، هەرتورکمان دەمێنێتەوە و بێجگە لە ماف و ئێمتیازی کۆمەڵایەتی و ئیداری، کێشیەیەکی بەناوی زمان و ناسنامە و خاک نییە. عەرەب نەتەوەیەکی هێرشبەری زەویخۆری فراوانخوازە، کە بە زەبری دەسەڵات و هێزی دەوڵەت، هەموو ماف و ئێمتیازێک، بەخاک و دەسەڵات و زمان و ناسنامەشەوە، بە موڵکی خۆی دەزانێ و بەشداریکردنیان بە یەک لیست بێت، یان دەیان لیستی جیاواز، لە ئەنجامدا لەسایەی هێزی دەوڵەتی عەرەبی، دەنگی هەموویان دەبێتەوە یەک پاکێج و یەک دەسەڵات و یەک حوکمڕانی. 

بەگوێرە و بەپێی ژمارەی دانیشتوانی کورد، ئەوانەی ئێستا  لە کەرکوک ماونەتەوە، ئەگەر لە خۆشبینانەترین حاڵەتیشدا، گریمانەی ئەوە بکەین کە سەداسەدی دەنگدەرانی کەرکوکیمان، بەگیانێکی شۆڕشگێرانەی پڕ لە لێبوردەیی و لێخۆشبوون، لە ناتەبایی و یەکنەگریی لایەنە کوردستانییەکان، هەمدیس دەنگ بەلیستە کوردیەکان بدەنەوە، لەو ئەگەرەشدا، لە ئەنجامی دابەشبوون بەسەر ئەو ژمارە زۆرە لیستەدا، هیچ کامیان رێژەی پێویست بۆ وەرگرتنی پۆستێکی بەرچاو لە پارێزگا، کە توانای بەرگری لە مافەکانی کورد لەو شارە و کاریگەری بەسەر بڕیارەکان و جێگیرکردنیان بە قازانجی کوردی هەبێ وەدەست ناهێنێ و مسۆگەر ناکات. 

بە کۆتاهاتنی دەم و دەرفەتی یەکگرتنەوە و یەکخستنی لیستەکان لەیەک بەرەدا، ئێستا هەموو هیواکان لەو چوارچێوە شێوە لێل و دووردەستەدا دەمێننەوە، ئاخۆ هێزە کوردییەکان دوای هەڵبژاردن ئەوەندە، پێگەیشتووی سیاسی و خەمی نەتەوەیان بۆ ماوەتەوە، کە راوێژێک بەمێژووی رابردووی خۆیان بکەن و بۆ مانەوەی ئەوەندەی لە کورد و دەسەڵات و مافەکانی ماوەتەوە، لە هەرێم نا، بەڵکوو لەکەرکوک و تەنیا لەکەرکوک، واز لە یەکشکاندن بێنن و ببنەوە یەك هێز و یەک تیمی کاریگەر، تاکوو هیچ نەبێ پەلکانەکان و رەحیماوەکان بەکوردی بمێننەوە.