هەولێر-KDP.info- بردنی هێزێكی سەربازیی هاوبەشی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زینی وەرتێ لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانە بووە كە بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان گیراوەتە بەر. ئەم هێزانە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و هیچ پەیوەندییان بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە و لە گرژییەكانی ئەم دواییەی زینی وەرتێ پارتی بە هیچ شێوەیەك تەرەف نییە و ناوهێنانی پارتی لەم ڕووداوانەدا بە هەموو شێوەیەك ڕەت دەكەینەوە.
جێگەی داخە كە كەسانێك لەناو یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە هەوڵی بەردەوام دان كە ئەم بابەتە و زۆر بابەتی تر بە حزبی بكەن و بمانگەڕێننەوە سەردەمی پێشوو. لە بابەتی لەمشێوەیەدا تەنیا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە حكوومەتێكی هەڵبژێردراو و شەرعییە و بە هاوبەشیی چەندین لایەنی سیاسیی هەرێم پێكهاتووە، سەلاحییەت و مافی جووڵاندنی هێزی هەیە بۆ هەر شوێنێكی هەرێمی كوردستان كە لە بەرژەوەندیی هەرێم و پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمدا بێت.
وێڕای ئەوەی بوونی هێزەكانی پەكەكەیش لە ناوچەكە جێگەی پرسیارە جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە هێزە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەیەكی نیشتیمانیدا لە خزمەتی بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستاندا بن و لە ژێر قەراری حزب و باڵی ناو ئەحزاب بێنەدەر.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
15ـی 4ـی 2020