میدیاکانی حکومەتی سوریا ڕایانگەیاند سەرۆکی وڵاتەکەیان باڵیۆزی بۆ وڵاتی سعودییە دەستنیشانکردووە، ئەمەش پاش دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە ڕاگیرابوون. ئاژانسی هەواڵی سانا ڕۆژی چوارشەممە لەسەر ماڵپەڕەکەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی بە ئامادەبوونی فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوە، دکتۆر ئەیمەن سوسان وەک باڵیۆزی سوریا بۆ عەرەبستانی سعودییە لە بەردەم بەشار ئەسەد سوێندی یاسایی خوارد، هەروەها ماهیر بدور ئەویش وەک باڵیۆزی سوریا بۆ جەزائیر سوێندی یاسایی خوارد. جەزائیر بە درێژایی شەڕی ناوخۆی سوریا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە نەبڕیبوو و پێش ماهیر بدور، باڵیۆز نەمیر وەهیب ئەلغانم لەو پۆستەدا بوو. لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا لە ساڵی 2011، ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەب پەیوەندی دیپلۆماسییان لەگەڵ حکومەتی سوریا بڕی، بەڵام وا ئێستا وردە وردە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەشار ئەسەد ئاسایی دەکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی جیهانی کۆمەڵێک وڵات هەن هێشتا ڕەتیدەکەنەوە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی سوریا دستپێبکەنەوە، لەوانە ئەمەریکا و بەریتانیا. ژمارەیەکی زۆری وڵاتان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا بڕی پاش ئەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد لە ساڵی 2011 دەستیکرد بە سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی وڵاتەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە کە سەرئەنجام بووە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی نیو ملیۆن کەس و برینداربوونی بە سەدان هەزار کەسی دیکە و ئاوارە و دەربەدەربوونی بە ملیۆنان کەس لە دانیشتوانی سوریا. سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە میدیاکانی حکومەتی سوریاوە وەرگیراون.