5 چەکداری سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکدا لە سوریا دەکوژرێن

دوایین نوێکردنەوە 2023-12-08 20:24:23 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

میدیا نێوخۆییەکانی سوریا ڕایانگەیاند ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە،7ی مانگی دوانزە لە هێرشێکی چەکدارانی نەناسراو لە پارێزگای دێرەزۆر لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، 5 چەکداری سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. ماڵپەڕی نۆرث پرێس لە سوریا بڵاویکردووەتە کە سەرچاوەیەکی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران بەو ئاژانسە هەواڵییەی ڕایگەیاندووە کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو بە دۆشکە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی ئێران لە شارۆچکەی ئەبوکەمال له ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردووە. سەرچاوەکە بە نۆرث پرێسی ڕاگەیاندووە لە ئەنجامی هێرشەکەدا پێنج چەکداری ئێران کوژراون کە یەکێکیان سەرکردە بووە و سێ چەکداری دیکەش برینداربوون. هەروەها ماڵپەڕی نیوعەرەب (العربي الجديد) لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە نووسیوێتی کوژراوەکان بریتین لە فەرماندەیەک و ئەندامێکی سوپای پاسدارانی ئێران و سێ ئەندامی حزبوڵای لوبنان. ئەو ئاژانسە هەروەها نووسیوێتی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە چەند ئەندامی هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە حەسەکە لە هێرشێکی چەکدارانی نەناسراودا بریندار بوون. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سوپای پاسدارانی ئێران بە هۆی کوژرانی ئەندامەکانییەوە، هێزی سەربازیی هێناوەتە ناوچەکە و هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستپێکردووە.