وه‌زاره‌تی بازرگانی: خۆراك بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س دابین دەکرێ

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی بازرگانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، حكوومه‌ت شه‌ش مادده‌ی خۆراكی بۆ یه‌ك ملیۆن كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان كڕیوە و بڕیاره‌ له‌ ڕێگه‌ی فۆرمێكه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی كه‌مدرامه‌ت و هه‌ژاردا دابه‌ش بكرێت.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بۆردی خۆراك له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دانراوه‌ و به‌رده‌وام كار ده‌كات بۆ دابینكردنی خۆراك بۆ هه‌ژار و كه‌مدارمه‌ته‌كان وه‌كو ئاردی سفر و زه‌یت و ساوار و نیسك و نۆك و دۆشاوی ته‌ماته‌‌ و هه‌ركاتێك به‌تەواوی له ‌ده‌ره‌وه‌ گه‌یشت، ده‌ست به ‌دابه‌شكردنی ده‌كرێت."

به‌ڕێوەبه‌ری گشتیی وه‌زاره‌تی بازرگانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: "ملیۆنێك كه‌س له‌و خۆراكانه‌ سوودمه‌ند ده‌بن و فۆرمێك ئاماده‌ كراوه‌ کە چه‌ند خاڵێك له‌خۆ ده‌گرێت و ڕه‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كاندا دابه‌ش بكرێت و ئه‌وانه‌ی پێویستیان پێی هه‌بێت فۆرمه‌كان پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌ و بۆ ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئێمه‌ش له ‌قۆناغی یه‌كه‌م بۆ مانگێك خۆراكیان پێ ده‌ده‌ین و له‌ مانگه‌كانی داهاتووشدا ڕه‌نگه‌ به‌رده‌وام بێت."

گوتیشی: "ئه‌و خۆراكانه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌خۆڕایی دابه‌شی ده‌كات و له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی خۆراكه‌كه‌ی كڕیوه‌."

 

بڵند ئیبراهیم