ههولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمڕۆ کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنەکان و پرسی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆ ببنەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێ، ئەگەر کاندێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری نەکرێت، دیسان حکوومەت دەبێتەوە کاربەڕێکەر. دکتۆر ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەرچەندە ڕۆژی پێنجشەممە دواوادەی دیاریکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام بە گوتەی سەرۆککۆماری عێراق ھێشتا دەرفەت ماوە، تا سبەی، ڕۆژی یەکشەممە و ڕۆژانی پشوو ھەژمار نەکراون، لەو ماوە یاساییەی بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیران ھەیە." لەبارەی گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "ئێمە نازانین سبەی یەکلا دەکرێتەوە، یان نا، بەڵام گوایە سبەی کاندیدێک دیاری دەکرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران."پەیوەست بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کوتلەکانیش دکتۆر ڤیان سەبری، ڕوونی کردەوە: "ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان ئێستا لە بەغدا نین و لە ھەرێمی کوردستانین، لەبەر ئەوەش، دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زانیاریمان نییە."
قائید میرۆ