هەر بەڵێندەرێك بیەوێت دەست بە پڕۆژەكەی بكاتەوە، مۆڵەتی پێدەدرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان گوتی، لە ئێستادا هەر بەڵێندەرێك بیەوێت دەست بە تەواوكردنی پڕۆژەكەی بكاتەوە، مۆڵەت و رێگای پێدەدرێت و ئاسانكارییشی بۆ دەكرێت.

سدقی ئامێدی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆناوە، زۆرێك لە پڕۆژەكان راگیرابوون چونكە هاتوچۆ قەدەغە كرابوو، بەڵام بەشێكیش بەردەوام بوون لە كاری خۆیان بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی خۆیان و تا ئێستاش بەردەوامن".

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ كاروباری رێگاوبان ڕوونیشی كردەوە: "لە ئێستادا هەر بەڵێندەرێك بیەوێت دەست بە پڕۆژەكەی بكاتەوە و ئەو پڕۆژەی پێ سپێردرابوو تەواوی بكات، مۆڵەت و رێگای پێدەدرێت كارەكانی خۆی بكات، چونكە ئەوان زۆر قەرەباڵغی دروست ناكەن و كاریگەرییشی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە نابێت.

ئامێدی باسی لەوەش كرد، ئەگەر دەست بە پڕۆژەكانیان بكەن، رێگا بە ئەندازیار و خاوەن ئامێرەكانی كاركردن و كرێكارەكانیش دەدرێت بچنە سەر كار، بۆ ئەوەی كاری خۆیان بكەن.

 

بڵند ئیبراهیم