هەولێر-KDP.info- جێگری بەرپرسی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک پێی وایە، کشانەوەی ئەمەریکا لە ھەندێ ناوچەی عێراق و بێتواناییی ھێزە عێراقییەکان کاریگەریی کردووەتە سەر بەھێزبوونی داعش و دەشڵێ، ڕەوشەکە پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنە.
دیاری حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ھۆکارێک ھەن بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی داعش، لەوانەش حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە ھێزێکی نیشتمانی پێک بێنێ لە بەرژەوەندیی خەڵکی عێراقدا کار بکات، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی یەکدەنگ نین بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئەمنی و سەربازییەکان، ھۆکاری دیکەش ھەن، لەوانە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمەریکا لە ھەندێ ناوچەی عێراق، بەتایبەتی لە کەرکووک."
بەرپرسەکەی پارتی گوتی: "ھێزە عێراقییەکان زیاتر وەلائیان بۆ مەزھەب ھەیە نەک میللەت و بەرژەوەندیی عێراق و پێکھاتەکانی، لە لایەکی دیکەوە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ھێزی ڕاھێنراوی نییە."
دیاری حوسێن ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرێمی کوردستان لە ساتەوەختی کشانەوەی ھاوپەیمانان لە ھەندێ ناوچەی عێراق ھۆشداریی داوە لەوەی عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی توانای خۆپاراستنی ھەبێت، سەرۆک بارزانی بە ڕوونی ئاماژەی بە مەترسیی کشانەوەی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان لە عێراق کردووە."
دیاری حوسێن دەڵێت: "بۆشاییی ئەمنی پەیدا بووە و حکوومەتی عێراق توانای کۆنتڕۆڵکردنی ھەندێ ناوچەی نییە، خەڵکیش بەھۆی ڕەفتارە نەشیاوەکانی حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە ھاوکاری و پاڵپشتیی چەکدارانی داعش دەکات، داعش خۆی ڕێک خستووەتەوە و، ھەر لە نزیک بەغدا و سەلاحەدینەوە تا دێتەوە کەرکووک و ھەموو ناوچەکانی دیکە داعش بەھێز بووە."
قائید میرۆ