ده‌توانین چه‌ند ئاشتی بكرین؟

دوایین نوێکردنەوە 2024-02-04 15:25:04 - سەرچاوە: شەفەق نیوز

عه‌لی حسێن فه‌یلی / له‌ نێوان تواناكان و بانگه‌شه ‌مه‌وداو جیاوازی گه‌لێك زۆره‌. كاتێك ناتوانی سنووره‌كانت بپارێزی و ناتوانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سنوور به‌زێنه‌كان بكه‌ی، پاساوی  بوونی هێزێكی گه‌وره‌ی ‌ چه‌كداركه‌ ئه‌ركیان  پاراستنی سه‌روه‌ری و ئاسایشه‌   ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیار‌. هه‌وڵی زۆر بۆ قوربانی كردنی ماف و سه‌روه‌ریه‌كان   بۆ   هاوپه‌یمانیه‌تیكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕ خوازیدان هیچ مه‌نتقێكی تێدا نییه‌ .

له‌م سه‌ره‌دمه‌ ناتوانی له‌ سیاسه‌ت خۆت به‌ دوور بگری یان بڵێی كارت به‌ سیاسه‌ت نا‌بێ . هه‌موو شتێك به‌ سیاسی كراوه‌  كه‌ ئه‌ویش  هه‌میانێكی  درۆو هه‌ڵبه‌ست و غه‌درو بیانووه‌ ،   ئاكامه‌كه‌ی   ‌مه‌ینه‌ت به‌شی و ماڵوێرانی و نه‌فره‌ته‌ . 

كاتێك باوه‌ڕمه‌ندبین كه‌  دڵسۆزی بۆ گه‌ڵ و نیشتمان ، راستگۆیی و ده‌ستپاكی و ئه‌مانه‌تداری ده‌توانی بره‌و به‌  متمانه‌ بدات ، لێ نابێ خافڵ بین له‌وه‌ی  درۆ و خیانه‌ت و چه‌واشه‌كاریش ده‌توانێ خه‌ڵكانێك له‌ یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌ (وه‌ك مافیا). 

كاتێك  نادادی و گه‌نده‌ڵی ناوخۆیی زیاتر له‌  هه‌ره‌شه‌ی ده‌ره‌كی  مه‌ترسی بێ. ‌ داڕمانی  ئینتمای نیشتمانی و هه‌ره‌سی  باوه‌ڕ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كی  . ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ باشتر ده‌كات هاوسه‌نگی و دادگه‌ری و هاوپه‌یمانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌  كه‌ ‌ ساڵانێكه‌ له‌  ده‌ستی داوه‌ ( متمانه‌ و ئاسایش) له‌به‌ر زۆر هۆكار نه‌یتوانیوه‌  دووباره‌ به‌ده‌ستیان  بهێنێ تا  حكومه‌تێكی نیشتمانی راسته‌قینه‌  بنیات بنێ. 

ئه‌وانه‌ی نهۆ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان به‌ دۆخه‌كه‌ رازین و ناخوازن و ناهێڵن  گۆڕانی ریشه‌یی روو بدات . له‌ ئێستادا ‌ ناكۆكییه‌كان نه‌له‌سه‌ر سیاسه‌تی پێداگری بۆ به‌رژه‌‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كانه‌‌  به‌ڵكو بۆ  پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌نه‌. دۆخه‌كه‌  ئه‌و راستیانه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تی ره‌واجپێدراو  له‌م وڵاته‌دا  درۆ نه‌بێ گه‌مه‌یه‌كی  تاڵه‌ و هیچی له‌ راست ناچێ.  دابه‌شینی ده‌ستكه‌وت و پله‌وپایه‌‌ نه‌یاره‌كان كۆده‌كاته‌وه‌  بێ ئه‌وه‌ی كێشه‌كانی خه‌ڵك و خاڵه‌ كوشنده‌كانی ناكۆكی‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌  بن بڕ بكات.  ئه‌و‌انه‌ی له‌ناو پرۆسه‌ی حوكمڕانیدان، ده‌خوازن له‌ ناو ئه‌و بازنه‌یه‌دا بمێنن چونكو  به‌رپرسانی نیگه‌ران له  ئاینده‌ ،‌  به‌رژه‌وه‌ندی  هه‌نووكه‌ییان  له‌ ‌ ئستراتیژی دوورمه‌ودا پێ گرنگتره‌‌. 

كه‌م نین ئه‌و لایه‌نانه‌ی   دڵخۆشن به‌ بوونی وڵاتانێك له‌ دنیادا كه‌ رژێمه‌كانیان گه‌نده‌ڵ و لاوازن به‌ڵام به‌رده‌وامن له‌ حوكمڕانی. ئایا  گه‌لی عیراق  ده‌توانێ ئه‌‌و شكستانه‌ بكاته‌ ئه‌زموون و ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌ی پێ  باشتر بكات ؟  هه‌موو هاووڵاتیه‌كان  ناتوانن و ناخوازن ببنه‌ ملیاردێر لێ ئه‌و مافه‌یان هه‌یه‌ ‌ كه‌  بیر بكه‌نه‌وه‌ ؛ له‌ناو زۆنگاوی  ئاسایش و ناجێگیری سیاسی  و كۆمه‌ڵایه‌تی،  به‌ ملیارد‌ها  دۆلار داهاتی ئه‌م وڵاته‌ ،  ده‌توانن  چه‌ند ئاشتی بكڕن و  چه‌ند به‌خته‌وه‌ری  بنیات بنێن . بۆ رێگری له‌ جه‌نگ  ده‌توانن به‌رپه‌رچی چه‌ند ده‌ستوه‌ردانی  ده‌ره‌كی بده‌ن؟!