جەواد قادر
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی دووشەممەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە ڕوونی باسی کۆمەڵێک بابەتی ڕۆژی کرد، جگە لە جوانترین وەسف بۆ دوو ئیدارەیی کە یەکسانکردنی بوو بە سفر ئیدارە، بە تایبەتیش لەبارەی دوو پرسی گرینگەوە زۆر ڕاشکاو بوو: یەکەم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانێکی سەرەکیی پارتیی دیموکراتی کوردستان و هاوبەشێکی سەرەکیی فەرمانڕەواییە لە کوردستاندا. دووەم، پارتیی کرێکارانی کوردستان نە لە ڕووی یاسایی و نە لە ڕووی عورفی کۆمەڵایەتییەو، نە ماف و نە شەرعیەتی ئەوەی هەیە بارەگای سەربازیی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت.
پەیامی یەکەمیان دڵنیایی دووبارە بوو بۆ خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لایەنگرانی پارتی و یەکێتی، کە هیچ گرژییەک لە نێوان ئەم دوو حیزبە حاکمەدا نییە و نابێت کە قابیلی چارەسەرکردن نەبێ. پەیامی دووەمیان ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ پەکەکە پاش جموجۆڵی سەربازییەکانی ئەم دواییەی لەناو هەرێمی کوردستاندا.
هاوکات سەرۆکی هەرێم بە ڕوونی پاڵپشتیی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە کردەوە، کە ئەو بە حکوومەتی هەموو لایەنە و پێکهاتەکانی کوردستانی وەسف کرد و یەکێتیی نیشتمانیی بە هاوبەشێکی سەرەکیی حکوومەت ناو هێنا. سەرۆکی هەرێم گوتی ئەو هێزانەی ڕەوانەی زینی وەرتێ کراون سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و هیی هەموو کوردستانن و بۆیە ئەم کارەی بە مافی حکوومەتی هەرێم زانی.
لە ڕاستیدا، دەربڕینەکانی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەم دوو بابەتە، ڕەنگدانەوەی بەرنامەی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵی کۆکردنەوە و بەشداری پێکردنی ڕاستەقینەی هەموو هێزە نیشتمانییەکانی کوردستانی داوە. هاوکات درێژەپێدانە بە پێوەندییەکی بەرهەمدار لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و بێگومان پەیامەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ پارتیی کرێکاران، ئاماژەیە بۆ جیددیەتی سەرۆکایەتیی هەرێم لەو پرسە گرینگەدا.
مانەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەک هەر تەنیا یارمەتیی دۆزی ڕەوای کورد لە تورکیادا نادات، بەڵکوو تەنگژەی گەورە و درێژخایەن بۆ سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابووریی باشووری کوردستان دەنێتەوە. ڕێک لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە ڕای گشتیی هەرێمی کوردستان داوای گواستنەوەی بنکە سەربازییەکانی پەکەکە بکەن. ئەزموونی تاڵی ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە ڕاستیدا بە هۆی پارتیی کرێکارانەوە ڕەوایەتیی نێودەوڵەتیی لە دەست دا، نیشان دەدات کە بۆ پێویست ناکات پەکەکە لە هەرێمی کوردستاندا چالاک بێت. ئەم پرسە هیچ پێوەندیی بە هاوسۆزیی لەگەڵ کورد لە تورکیاوە نییە و بۆیە سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بەرمەبنای لێکگەیشتنێکی هاوبەش، پێویست دەکات بەم ئاراستەیە هەنگاوی جیددی هەڵبگرن.
سەنگی مەحەک بۆ هێزە نیشتمانییەکانی کوردستان، لە ڕاستیدا دوای دەرچوونی عێراق لە پەتای کۆرۆنا دەبێت کە پێدەچێت گورزی گەورەی لە بازاڕی ئابووریی تێکڕای عێراق و ناوچەکە دابێت. لێکترازانی سیاسی لەناو هەرێمی کوردستان و لە بەغدا لە دۆخی پاش کۆرۆنا، مۆتەکەیەکی نیشتمانی گەورە دەبێت کە پێویستە بە هەموو شێوەیەک ڕێگەی لێ بگیرێت. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وەک چەترێکی گەورەی نیشتمانی بە جیددییەت و بە هێزەوە، لە ئەرکی خۆی بەردەوام دەبێت و پشت بە هەستی بەرپرسیارێتیی و جیددییەت و پەرۆشیی سەرجەم هێزە نیشتمانییەکانی کوردستان دەبەستێت.