راگەیاندنی پارتی (27)ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی گۆڤاری گوڵان پیرۆز دەكات

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (27)ـەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە. ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

ھەڤاڵی بەڕێز/ فەرهاد محەمەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان

بەڕێزان/ ھەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و كادیر و كارمەندانی گۆڤاری (گوڵان)

 ئەمڕۆ بیست و حەوتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین ژمارەی گۆڤاری (گوڵان) دەكەینەوە، دەرچوواندنی ئەو گۆڤارە دەستكەوتێكی دیكەی بواری رۆژنامەگەریی كوردیمان و ئەزموونێكی گرنگ و تازەی هێنایە ئاراوە و سەلماندی، كە تایبەتەمەندیی خۆی هەیە لە خزمەتگەیاندن بە بواری رۆشنبیری و مەعریفیمان و لە خستنەڕوو و گەیاندنی پەیامی رەوای ئەزموونەكەمان بە دەوروبەر و جیهان.  

گۆڤاری (گوڵان) لەو ماوەی كاركردن و تەمەنی دەرچوونی ژمارەكانی بە رێكوپێكی و لە وادەی خۆیدا بە گوێرەی پلان و بەرنامەیەكی سەركەوتووانە توانیویەتی جێگەی شیاو و شایستەی خۆی لەسەر پانتایی كاری رۆژنامەگەریی بگرێ، بۆیە هەردەم نموونەیەكی نوێی كاری پیشەوەرانەی میدیاییە.

گۆڤاری (گوڵان) سەلماندوویەتی، كە خودان مۆركی كوولتورێكی رەسەن و نەتەوایەتییە، هەروەها بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی لە رووی راستگۆییەوە ئەرێیانە پیادە دەكات.

بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوە و نووسەر و خوێنەرانی بەڕێزی گۆڤارەكەتان دەكەین و، دەستی هەوڵ و ماندووبونتان دەگوشین، پشتیوانیی خۆمان بۆ پێشكەوتن و بەردەوامبوونی (گوڵان) دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین پاش تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی خۆپارێزی و كۆتایی هێنان بە پەتای كۆرۆنا، بە هەمان گیانی لەخۆبوردوویی و دڵسۆزانەتان بەردەوام بن لە ئەرك و خزمەت و لە گشت روویەكەوە بەرەوپێش بچن. ھەر سەركەوتوو بن.

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

21/4/2020