هەولێر-KDP.info- فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا رایدەگەیەنێت: "داواكارین پەلە بكرێت لە دەركردنی بڕیاری پێویست لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئاسانكاری و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر كاسبكار و كرێچییەكان، كە بە هۆی رێكاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆناوە تووشی زیان بوون".
دەقی پەیامەكە:
لای خەڵكی كوردستان ڕوونە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا وەك پەتایەكی بكوژی جیهانی سەرتاسەری جیهانی گرتەوە و كوردستانیش لێی بێبەش نەبوو.
چەندین وڵات بە هەزاران كەسیان لە دەست دا و ئەم نەخۆشییە هیلاكی كردن، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای سنوورداریی تواناكان و قەیرانی دابەزینی نرخی نەوت، بە زوویی و بەر لەوەی كار لە كار بترازێت هەموو ڕێوشوێنیكی بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان گرتە بەر و بە ماندووبوون و شەونخوونی و ئارامگرتن و پشوودرێژیی هەزاران كارمەندی تەندروستی و پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئیداری، توانرا گەلی كوردستان لەم پەتایە بپارێزرێ و وا ئاسۆی سەركەوتن بەسەر ئەم پەتایە لە كوردستانی خۆشەویست دەركەوتووە.
مایەی خۆشحاڵییەكی زۆرە كە دوایین سێ تووشبووی كۆرۆنا لە پارێزگای دھۆك چاك بوونەوە و ئێستا ھیچ تووشبوویەك لە سنووری پارێزگای دھۆك نەماوە و ئومێد دەكەین لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەو چەند تووشبووانەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری پارێزگاكانی ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجەش بە تەواوی چاك ببنەوە، بەمەش ھیچ تووشبوویەك لە ھەرێمی كوردستاندا نەبێت.
لێرەوە وەك فراكسیۆنی پارتی سوپاس و دەستخۆشیی زۆرمان بۆ هەوڵەكان و سەرپەرشتیی راستەوخۆی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەین و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابیان لەم پرسەدا كە بەردەوام لە ئەركدا بوو بۆ بەدواداچوونی ڕێوشوێنەكان بە ڕێكوپێكی، بووە هۆی سەركەوتنی گەلی كوردستان بەسەر ئەم پەتا جیهانییەدا.
سوپاسی كارمەندانی تەندروستی دەكەین كە پێشمەرگەئاسا لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە جەنگان، تیمە ئەمنییەكان و كارمەندە ئیدارییەكان لە ژوورەكانی ئۆپەراسیۆنی پاریزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و قایمقامیەت و ناحییەكان كە شەونخوونییان كێشا و هۆكاری سەركەوتنمان بوون، سوپاسی تایبەت بۆ پشوودرێژی و پابەندبوونی خەڵكی كوردستان بە ڕێوشوێنەكان و ئارامگرتنیان.
دیارە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی رۆژی ١ ی ٤ی ٢٠٢٠ تاووتوێی ئەوە كرابوو كە بڕیارێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بكرێت بۆ كارئاسانی و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، بە تایبەت لە بابەتی كرێ و رسوماتی خزمەتگوزارییەكان كە حكوومەت دابینی دەكات. هەر لەو كۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی یاسایی ئەنجومەن لە سەر راسپاردەی بەرێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێم راسپێردرابوون بۆ ئامادە كاریی بڕیاری حكوومەت لەو بارەیەوە.
ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای پشتگیری و دەستخۆشیی تەواومان لەم رێكارانەی حكوومەت و هەنگاوەكانیان، كە تەندروستیی هاووڵاتیانمانیان كردبووە خاڵی هەرە لەپێشینە، داواكارین پەلە بكرێت لە دەركردنی بڕیاری پێویست لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئاسانكاری و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر كاسبكار و كرێچییەكان، كە بە هۆی رێكاری خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا تووشی زیان بوون.
لەم رووەشەوە هەر بڕیار و رێكارێك كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بیگرێتە بەر لە رووی كرێی موڵكەكانی حكوومەت و كەمكردنەوەی باجەكان بۆ ئەو ماوەیەی كە بە هۆی رێكارەكانی خۆپارێزییەوە، بارگرانییان بۆ هاووڵاتیان دروست كردبوو، پشتیوانیی لێ دەكەین. هەروەها فراكسیۆنی پارتی پشتیوانیی هەر ڕێكار و هەنگاو و راسپاردە و پڕۆژەیاسایەكی حكوومەت دەكات بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر ئەو كرێنشینانەی كە لە موڵكەكانی هاووڵاتیان و كەرتی تایبەتن. هەر وەك چۆن بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وتاری پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لە بەردەم پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، كە خزمەتكاری هاووڵاتیانی كوردستان، ئەركی سەرەكیی كابینەی نۆیەمە، بە هەمان شێوە، هەر پێویستییەكی دیكەی تەشریعی هەبێت دوای بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لە قازانجی هاووڵاتیانی كاسبكار و كرێچییەكان بێت، ئێمە هاوشان لەگەڵ فراكسیۆنە بەڕێزەكانی دیكەی پێكهینەری كابینەی نۆیەم، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەش، درێغی ناكەین لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گرتنەبەری رێكارە تەشریعییەكان.
خوای گەورە كوردستان بپارێزێت.
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان
٢٠٢٠/٤/٢١