هەولێر-KDP.info- مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی (27)ـەمین ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری (گوڵان)، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:
بەڕێزان/ سەرنووسەر و كادیر و كارمەندانی گۆڤاری گوڵان.
ئەمڕۆ گۆڤاری (گوڵان) پێدەنێتە ساڵێكی نوێی تەمەنی، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و نووسەران و خوێنەرانی گۆڤارە ئازیزەكەتان دەكەین، ئومێدەوارین دوای رەتدانی ئەو قۆناغە و كۆتاییهاتنی پەتای كۆرۆنا، بە هەمان گیانی پیشەوەرانە و بەرپرسانە بەردەوام بن و، بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر پەرە بە پلان و كاروبارەكانتان بدەن.
گۆڤاری(گوڵان) بە درێژایی كاری رۆژنامەوانی، هەردەم رەچاوی بەرنامەیەكی رێكوپێك و تایبەت بە خۆی كاری كردووە بۆ خزمەتكردنی كایەكانی رۆژنامەگەری و رۆشنبیری، كە ئەمەش دەسكەوتێكی دیكەیە بۆ رەوتی رۆژنامەگەریی كوردیمان، لەو بوارەشدا جێدەستی دیارە لەسەر گۆڕەپان و لە نێو كاروانی رۆژنامەوانی و كاری میدیاییدا.
(گوڵان) وەك هەفتەنامەیەكی دیار و بەرچاو خاوەن تایبەتمەندییەكەی خۆیەتی و لەو رووەوەش توانیویەتی ژمارەیەكی یەكجار زۆری تۆژەر و نووسەر و ئەكادیمی ناسراوی عەرەبی و بیانی و جیهانی لەو گۆڤارە كۆبكاتەوە، هەروەها لە رووی ئیتیكی پیشەوەرانەوە گۆڤاری (گوڵان) پەیڕەوی رەوتێكی راست و دروستی كردووە و بە گیانی دیالۆگ و رەخنەگرانەوە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەكەمان و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی كردووە.
جارێكی دیكە بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی و پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرخستن و بەردەوامی و زیاتر پێشخستنی گۆڤاری (گوڵان) دووپات دەكەینەوە و، جەختیش دەكەینەوە لەسەر ئەوەی كار و ئەركی رۆژنامەوان و رۆشنبیران پاڵپشتی و داكۆكیكردنە لە كێشە رەواكانی گەلەكەمان و گەیشتنی بە مافەكانی.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2020