سەرۆکی هەرێم خوێنەرێکی جیددی سۆشیال میدیایە

دوایین نوێکردنەوە 2020-04-21 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

پیران ئەمیر 

‎لە دوایین کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی (نێچیرڤان بارزانی- سەرۆکی هەرێمی کوردستان)دا، لەپاڵ باسکردنی بارودۆخی هەنوکەیی و پێشهاتەکانی ناوچەکە، بە ڕوویەکی خەندەئامێز و دیدێکی ڕەخنەگرانەوە، باسی لە بابەت و شڕۆڤەکانی ناو سۆشیال میدیای کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: "سۆشیال میدیا کۆنتڕۆڵ بکەن، هەموو شتێ بە باشی دەڕوا". 

‎ئەم داوایەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستا، کە خەڵک لەلایەنی دەروونیدا ماندووە، تێڕوانینێکی ڕەوا و تەواو لۆژیکییە، سەرۆک بە هەڵسەنگاندنی کۆی ئارێشەکان و ڕەچاوکردنی باری دەروونیی خەڵک، ئەم قسەیە دەکات و دەزانێ کە شڕۆڤەکارانی سۆشیال میدیا، بۆ هەموو ڕووداو و پێشهاتێک قسەی خۆیان هەیە و ئەم نووسینانەشیان بە ناوی شرۆڤەی زانستی و لۆژیکی بە خەڵک دەفرۆشنەوە، بەو کارەیان دەبنە سەرچاوەی نیگەرانیی و دڵەڕاوکێ و نائارامیی دەروونی خەڵک و کاریگەریی خراپیان لەسەر کۆی کۆمەڵگا هەیە. 

‎بەدەر لەمە، ئەگەر میدیا و سۆشیال میدیا لە ڕەهەندێکی باش و بۆ خزمەتی کۆمەڵگا بەکار بهێنرێت، ئەوا هیچ کەسێک هێندەی ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) بۆ گەشەی میدیای ئازاد و پێگەیاندنی میدیاکاری پڕۆفیشناڵ و لێهاتوو، هەوڵی نەداوە، کاتێک بەڕێزیان وەک سەرۆکی کابینەی پێنجەمی حکوومەت دەستبەکار بوو، شان بەشانی برەودان و پێشخستنی سێکتەری ئابووریی و خەمی بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار. بۆ یەکەم جار لە مێژووی حوکمڕانیی دوای ڕاپەڕیندا و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی ئەودا، یەکەمین و باشترین یاسای ڕۆژنامەگەری لە ساڵی 2007 دەرچوو. یاسایەک، کە بەراورد   بە دۆخی زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاسایەکی دەگمەنە و بە وەچەرخانێکی گرنگی بواری ئازادیی ڕادەربڕین دادەنرێت، هەر لە سەردەمی حوکمڕانیی ئەودا بوو، کە بەشی هەرە زۆری دەزگا ڕاگەیاندنەکان مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە، بەوانەیش کە گوایە سەربەخۆ و ئازاد و ئەهلی. 

‎هەرچی باسی سۆشیال میدیاشە، ئەوا بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، کە بەڕێزیان، لەسۆشیال میدیا پەیجی فەرمی هەیە و دیار  و بەرچاوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشدارێکی کارایە، هەر ئەم قسەیەی سەرەوەی خۆی، بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە، کە ئەو خوێنەرێکی جیددی سۆشیال میدیایە، بەڵام بێگومان ئەو وەک سەرکردەیەک و کەسایەتییەکی سیاسیی کوردستان، باوەڕی وایە کە نابێ پرسی حوکمڕانی و بابەتە سیاسییەکانی نێوان حکوومەت لە لایەک و حیزبەکان لە لایەکی تر، لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە ئاراستە بکرێن، بەتایبەت کە تێبینی دەکرێ بەشێک لە حیزب و کەسایەتییە سیاسییە تازە هەڵتۆقیوەکان، تاکە پێوەریان بۆ کاری سیاسی، دەنگۆ و واتە واتەکانی ناو سۆشیال میدیایە!