نرخی نەوتی سپی لە هەرێمی کوردستان پرسی دانیشتنی داهاتووی دادگەی فیدراڵیە

دوایین نوێکردنەوە 2024-03-01 22:31:46 - سەرچاوە: رووداو

رۆژی دووشەممەی داهاتوو، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک تاوتوێ دەکات کە دژی بڕیارێکی حکومەتەکەی سوودانی تۆمارکراوە، بەوەی کە نەوتی سپی بە گرانتر دەفرۆشێتە خەڵکی کوردستان.

لەو سکاڵایەدا داواکراوە ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنى وەزیران هەڵبوەشێندرێتەوە کە لە 20ى کانوونى یەکەمى 2023 لەبارەى نرخى نەوتى ماڵان بۆ هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان دەریکردووە. 

لە بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیراندا هاتووە، نرخى یەک لیتر نەوت لە 500 دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 250 دینار و بڕیارەکە لە 1ـی کانوونى یەکەمى 2023وە بۆ ماوەى چوار مانگ جێبەجێدەکرێت.

سکاڵاکە لەلایەن پەرلەمانتارێکی کوردەوە تۆمار کراوە و بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى عێراق، 4ى ئادارى 2024، ئەو دادگەیە تاوتوێى سکاڵاکە دەکات.

سکاڵاکە لەلایەن نەهرۆ رەواندزى، جێگرى سەرۆکى لێژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراقەوە لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى نەوت و ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق تۆمارکراوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ناوەڕۆکى ئەو سکاڵایە بەو ئاڕاستەیەیە کە نرخى یەک لیتر نەوتی ماڵان بۆ هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان بکرێتە 150 دینار لەبرى 250 دینار.

لە پارێزگاکانى عێراق وەزارەتی نەوتی عێراق یەک لیتر نەوت بە 150 دینار دەداتە هاووڵاتیان، واتە یەک بەرمیل نەوتی 200 لیتری بە 30 هەزار دینار، لە کاتێکدا هەمان بڕە نەوت بە 50 هەزار دینار دەفرۆشرێتە هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان.