هەولێر -KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی گشت دامودەزگاكانی و بە پشتیوانیی هاووڵاتیان چەند ڕێكارێكی خۆپارێزییان گرتە بەر بۆ ڕێگاگرتن لە تەشەنەنەكردنی ڤایرۆسەكە، ئەم ڕێكارانە تا ڕاددەیەكی زۆر سەركەوتوو بوون و هەرێمی كوردستان وەك نموونەیەك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەكە، دوای كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكە، ئێستا هەرێم نزیك بووەتەوە لە سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكەدا و دووبارە ئاساییكردنەوەی ژیان.
د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی گیانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بەگشتی چەند ڕێكارێكی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەكە گرتە بەر، ئەگەرچی بەشێكیان لەسەر حیسابی كەمكردنەوەی داهاتەكانی حكوومەت بوو بۆ نزیكەی سفر، بەڵام گیانی دانیشتووانی لە سەرووی هەموو ئیعتباراتێكی دیكە دانا و ڕێكارەكانی خۆپارێزیی ڕاگەیاند هەر لە داخستنی خاڵە سنوورییەكان و دامودەزگاكانی حكوومەت و قوتابخانە و زانكۆكانەوە تا دەگاتە قەدەغەی هاتوچۆ، كە هاووڵاتییان هاوكار بوون بۆ سەرخستنی، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی و نزیكبوونەوەی هەرێم لە كۆتاییهاتنی ڤایرۆسەكە.
ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان زیاتر گوتی: ئەم ڕێكارانەی كە لە هەرێمی كوردستان گیرانە بەر مایەی دەستخۆشی و ستایشی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتان بوو، لەم ڕووەوە نوێنەری وڵاتان و كونسوڵخانەكان ستایشی ڕێكارەكانی حكوومەتی هەرێمیان كرد، چونكە ئەوەی پێویست بوو ئەنجامی دا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و هاندانیان بە پابەندبوون بە ڕێنماییەكان و داواشیان لە هاووڵاتیانیانی خۆیان كرد كە هاوشێوەی هاووڵاتیانی هەرێم ڕەفتار بكەن لەگەڵ ئەم ڤایرۆسە، هەروەها ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق ستایشی ڕێكارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، چونكە هاوتایە لەگەڵ ئەو پرۆتۆكۆل و ڕێكارانەی كە ڕێكخراوی ناوبراو دایناوە لە سەرتاسەری جیهان، هەروەها پەیمانگا ناسراوەكانی جیهان، لەوانە پەیمانگای واشنتون، ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا، لە هەمان كاتدا داوا لە وڵاتان دەكات كە لەم ڕووەوە ڕێچكەی هەرێمی كوردستان بگرن.
دەربارەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دیندار زێباری گوتی: لە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان نەتەوە یەكگرتووەكان پلانێكی مرۆییی ڕاگەیاند، بە بڕی (2) ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی وڵاتە هەژارەكان، لەوانەش عێراق، هەروەها ڕێكخراوی تهندروستیی جیهانی به بڕی نزیكهی 500 هەزار دۆلار پێداویستیی پزیشكی و پێداویستیی خۆپارێزیی تایبهت به بهرهنگاربوونهوهی ڤایرۆسی كۆڕۆنای پێشکەشی هەرێم کرد، لەوانەش سێ ئامێری ههناسهدانی دهستكرد، سێ مۆنیتهر، جلوبهرگی تایبهتی خۆپارێزی و كهلوپهلی تری خۆپارێزی وهك دهستكێش و دەمامک و چاویلكه و پێداویستیی دیکە، كه له نهخۆشخانهكان پێویستن. لە لایەكی دیكەوە، ڕێكخراوی سیبیرت ئۆفی ئەمەریكا لەسەر داوای وەزارەتی پێشمەرگە و لە ڕێگای كونسوڵخانەی گشتی ئەمەریكاوە لە هەولێر بڕی (18000) دۆلاری پێشكەش بە وەزارەتی پێشمەرگە كرد بۆ دابینكردنی كەلوپەلی خۆپارێزی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە بریتی بوون لە دەمامك و دەستكێش و كەرەستەی پزیشكی و پاككردنەوە.
دیندار زێباری زیاتر گوتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ جیاوازی خزمەتگوزارییەكانی پێشكەش بە دانیشتووانی هەرێم كردووە، لەوانەش ئاوارە و پەنابەران و گشت ڕێكارە تەندروستییەكان لە كەمپەكانیش جێبەجێ دەكران، بەڵام بەر لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان داوامان لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی كرد، گرنگییەكی زۆر بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بدات، بەتایبەتیش لە کەمپەکان و ئەگەری تووشبوون بەم ڤایرۆسە لەو شوێنانە زیاترە و کۆنتڕۆڵکردنیشیان کارێکی ئاسان نابێت. بەتایبەتی دوای ئەوەی بودجەی تایبەت بە یارمەتیدانی ڕاگوێزراوان لە چەند کەرتێک بە ڕێژەی (٥٠%) کەم کرایەوە کە کارێگەرییەکی زۆری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان هەبوو.
لە كۆتاییی لێدوانەكەیدا، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: ئێستا سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان ماون و نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان بە جۆرێک کە ٢٣٪ی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە، ئەمەش قورساییەکی گەورەی خستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ٣٩ کەمپی بۆ ئاوارەکانی عێراق و ٩ کەمپیشی بۆ پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان تەرخان کردووە و ٧٠٪ی خەرجییەکانی کەمپەکان دابین دەکات، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا ٢٥٪ و ڕێکخراوە مرۆییەکانی دیکەش تەنیا ٥٪ی خەرجییەکان دابین دەکەن، لێرە دووبارە داوا لە ڕێكخراوە مرۆییەكان دەكەن كە ئەم تایبەتمەندییەی هەرێم و ئاوارە و پەنابەران لەبەرچاو بگرن لە كاتی تەرخانكردنی هاوكاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.